گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل : سنوار لەگەڵ خێزانەكەی لە نێو تونێلەكان وەك ترسنۆكێك خۆی شاردووەتەوە
مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
سوپای ئیسرائیل ڤیدیۆی سنواری لەناو تونێل بڵاو كردەوە و دەڵێت بە مردوویی بێت یان بە زیندوویی دەستگیری دەكەین.
لە گرتە ڤیدیۆیەكدا كەسێك لە نێو یەكێك لە تونێلەكانی غەززە لەگەڵ ژن و كچێك و دوو كوڕ دەردەكەوێت و سوپای ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەكات كە ئەو كەسە یەحیا سنوار سەرۆكی بزووتنەوەی حەماس و بنەماڵەكەیەتی.
دانیال هاگاری گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بەو شێوەیە باس لە گرتە ڤیدیۆیەكە دەكات و دەڵێ “ماوەی ڤیدیۆیەكە یەك خولەكە و لە ١٠ی ئۆكتۆبەردا وێنە گیراوە لە تونێلێكدا لە ژێر شاری خان یونسی باشووری غەززە كە تێدا سنوار لە پشت هاوسەر و سێ منداڵەكەی دەردەكەوێت كە ئیبراهیمی برای ڕێنوێنییان دەكات بۆ ڕۆیشتن بە نێو تونێلەكەدا،”
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل دەشڵێت “لە كاتێكدا خەڵكی غەززە لە سەر زەوی ئازار دەچێژن، سنوار لە تونێلەكانی ژێرەوە وەك ترسنۆكێك خۆی شاردووەتەوە و لەم تونێل بۆ ئەو تونێل ڕادەكات و تەنیا گرنگی بە مانەوەی خۆی دەدات لەسەر حیسابی خەڵكی غەززە.”
كەناڵی 12 ئیسرائیلی بڵاوی كردەوە، هەر چەندە سنوار لە پشتەوە دەردەكەوێت، بەڵام سوپای ئیسرائیل بە پشتبەستن بە قەبارەی گوێچكەكانی و بەكارهێنانی زیرەكی دەستكرد توانی ناسنامەی بناسێنێت.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئەوەش دەڵێ “پێویستە هەموو غەززییەكان ئەوە بزانن كە چۆن سەركردەكانی حەماس لە ژێر زەویدا دەژین و بیر لە هیچ شتێك ناكەنەوە جگە لە خۆیان و خێزانەكانیان و پارەكانیان.”