شاندی ئیسرائیل كۆبوونەوەكەی جێهێشت
مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوێنێ لە قاهیرەی پایتەختی میسر، كۆبوونەوەیەكی چوار قۆڵی لە نێوان (ئەمەریكا، قەتەر، مۆساد و میسر) بە مەبەستی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە و ئازادكردنی بارمتەكان بەڕێوەچوو. دواتر شاندی دانوستانكاری ئیسرائیل كۆبوونەوەكەیان جێهێشت و بەرپرسانی ئیسرائیلیش دەڵێن ئەگەر حەماس بە مەرجەكانیان ڕازی نەبێت، هێرشی سەربازی دەكەنە سەر ڕەفەح.
بەرپرسێكی سەربازی ئەمەریكی قسەی بۆ (ڕۆژنامەی ۆڵستریت جۆرناڵی ئەمریكی) كردووە و دەڵێ “دوێنێ سێشەممە، هیچ بەرەوپێشچوونێك لە كۆبوونەوە چوار قووڵییەكی ولیام بێرنز بەڕێوەبەری ناوەندی دەزگای هەواڵگری ئەمەریكا (سی ئای ئەی)، دەیڤید بارنیا سەرۆكی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد) و محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی سەرۆكوەزیرانی قەتەر و بەرپرسانی میسر، بە ئاراستەی ڕێككەوتنی ئیسرائیل و حەماس بۆ ئاڵوگۆڕی دیلەكانی نێوانیان ڕووی نەداوە و كۆبوونەوەكە بێ ئەنجام مایەوە.”
ئەمڕۆ هەر یەك لە ڕۆژنامەی جیرۆزالیم پۆست و تایمز ئۆف ئیسرائیل هەواڵی گەڕانەوە شاندی دانوستانكاری ئیسرائیلیان بۆ ئەلئەڤیڤ بڵاو كردووە.
هاوكات بەرپرسانی میسر بە میدیای وڵاتەكەیان ڕایانگەیاندووە كە دانوستاندنەكان لە ڕێگەی كەناڵە دیپلۆماسییەكانەوە لە ڕۆژانی داهاتوودا بەردەوام دەبن.
بەرپرسێكی بزووتنەوەی حەماس، كە ناوی خۆی ئاشكرا نەكردووە بە (فرانس پرێس)ی ڕاگەیاندووە “بزووتنەوەی حەماس لە سەر هەر دەستپێشخەرییەك بۆ ئاگربەست و ڕاگرتنی شەڕ ئامادەی گفتوگۆیە.”
لاى خۆشيانهوه بەرپرسانی ئیسرائیل هۆشدارییان داوە ئەگەر دانوستاندنەكان شكست بهێنن و حەماس مەرجەكانیان بۆ ئاگربەستی كاتی قبووڵ نەكات، سوپای ئیسرائیل هێرش دەكاتە سەر شاری ڕەفەح.