شەهلا رەشید- سۆران
د. محەمەد حەسەن، پزیشكی پسپۆڕی منداڵان، سەبارەت بە گەیشتن بە تەمەنی سووڕی مانگانە و كاریگەرییەكانی ژینگە، هەروەها ئایا كچ دوای گەیشتن بە تەمەنی سووڕی مانگانە گەشەی دەوەستێت یاخود نا، زانیاری بۆ زاری كرمانجی دەخاتەڕوو.
لەبەردەوامی قسەكانیدا د. محەمەد حەسەن، پزیشكی پسپۆڕی منداڵان، بە زاری كرمانجی، ڕاگەیاند ” كچان بە گشتی لە 10 تا 15 ساڵی دەگەنە تەمەنی سووڕی مانگانە، جاری واش هەیە زووتر یا درەنگتریش ئەم حاڵەتە دێتە پێش ئەمانەش پێویستییان بە پشكنین و چاودێریە بۆ ئەوەی بزانین كێشەیان هەیە یاخود نا، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی زۆربەی زۆری كچان لە 12 ساڵیدا دەگەنە تەمەنی سووڕی مانگانە، هەروەها چەند هۆكارێكیش هەن كاریگەری لەسەر سووڕەكە دەكەن، بۆ نموونە بۆماوەیی واتە ئەگەر دایكیان زووتر یاخود درەنگتر گەیشتبنە ئەم تەمەنە، كەش و هەوای گەرم ئەمەش كاریگەری لەسەر گۆڕانكاری هۆڕمۆنی جەستە دروست دەكات و زووتر دەگەنە سووڕی مانگانە، لە هەمان كاتیشدا پەستانی دەروونی، دروستبوونی كێشە و گرفتەكان و سترێس، وەرزشكردن بە رادەیەكی هیلاكبوونی زۆر ئەمانەش وا دەكەن گەیشتن بە سووڕی مانگانە دوا بكەوێت.
گووتیشی” زۆرێك لە دایكان لەوە نیگەرانن كە كچ گەیشتە تەمەنی سووڕی مانگانە ئەوا گەشەیان دەوەستێت، بەڵام ئەمە دوورە لە راستی و كچان پاش سووڕی مانگانەش ئەگەری گەشەبوونیان هەیە، ئەمەش لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە جیاوازە، بەڵام ئەمەش بەپێی جۆری تەمەن و رێژەی ئێسكەكەیە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی دوای سووڕی مانگانەش گەشە دەكەن و بەشێكی زۆریشیان 5 هەتا 12 سانتیم و زیاتریش لەگەڵ تەمەنیدا زیاد بكات، بەڵام ئەمەش گرنگە پێش ئەوەی كچەكە بكەوێتە سووڕی مانگانە گەیشتبێتە ئەندازەی باشی بەرزبوونی باڵا، بۆ نموونە ئەوانەی لە تەمەنی 11 ساڵیدا دەگەنە سووڕی مانگانە ئەگەر باڵایان بەرزتر لە مامناوەند بێت كە 143 سانتیمە ئەوا ئەگەری بەربوونیان زیاترە، بەڵام ئەگەر لە مامناوەند كەمتر ئەوا تا رادەیەك مەترسی زیاترە و چاودێری تەواوی دەوێت.
ئەم پزیشكە پسپۆڕە، ئاشكراشی كرد ” كچ بە گشتی دوای گەیشتن بە سووڕی مانگانە، رێژەی بەرزبوونی باڵای تا رادەیەك بەخێرایی دوو ساڵە، هەروەها سێ تا چوار ساڵیش ئەگەرێكی كەم هەیە باڵا زیاد بكات، بەڵام دەبێ پشكنینی تەواو بكرێت و هەوڵی لەگەڵ بدرێت، ئەوانەی درەنگ دەگەنە تەمەنی سووڕی مانگانە، بۆ نموونە لە 13 ساڵ بەرەو سەروو ئەگەر رێژەی زیاتر باڵایان بەرز بێت لە هەمان كاتیشدا ئەگەر هەیە دوای سووڕی مانگانەش هەر گەشە بكەن، بەڵام زووتر لە گەشە دەوەستن بە بەراورد لەگەڵ ئەوانەی زووتر دەگەنە تەمەنی سووڕی مانگانە.