زاری كرمانجی-سۆران:
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری تورکیا لە چوارچێوەی لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دووبەی کۆبوونەوە.
کاتژمێر 15:00 بە کاتی هەولێر، کۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە چوارچێوەی لوتکەکەدا دەستیپێکرد.
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی 07-10-2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، دوای ئەوەی لەگەڵ شاندی عێڕاق و هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەیەكی ئەنجامدا، لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژەی بەوە دا، بەمزووانە سەردانی عێڕاق و هەرێمی كوردستان دەكات.
وابڕیارە لە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق کە تاوەکو ئێستا وادەکەی رانەگەیەندراوە، پێنج دۆسیەی سەرەکی لە ئەجێندای کۆبوونەوەکانی بێت لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان، لە سەرووی هەمووشیانەوە، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و هەروەها ئەردۆغان چاوی لە بەدەستهێنانی گرێبەستی ئەنجامدانی رێگەی گەشەپێدانە بۆ کۆمپانیا تورکییەکان.
ئەم سەردانەی ئەردۆغان بۆ بەغدا دەبێتە یەکەم سەردانی سەرۆککۆماری تورکیا لەوەتی سەردانەکەی تورگوت ئۆزال لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی رابردوو، هەرچەندە لە ساڵانی 2008 و 2011، ئەردۆغان وەک سەرۆکوەزیرانی تورکیا سەردانی بەغدای کرد لەوکاتەشدا نوری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو.
تورکیا لە رووە بازرگانییەکەیەوە گەورەترین هاوبەشی عێراق و هەرێمی کوردستانە و ساڵانە بە بڕی 13 ملیار دۆلار کاڵا هەناردەی عێراق دەکات. لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا 11 کارگە کە براندەکانیان تورکین، لە هەولێر کراونەتەوە.
کارگەکان زیاتر لە 300 جۆر کاڵا و کەلوپەل و پێداویستیی رۆژانە دروست دەکەن کە سەرجەمی ئەو بەرهەمانە پێشتر هاوردە دەکران. هاوکات زیاتر لە 50٪ـی کاڵا و کەلوپەلی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دروستکراوی تورکیان، لە جلوبەرگیشدا 80٪ـی تێپەڕکردووە.