موڕشید برادۆستی – سیدەكان:
چەند مانگێك بەر لە ئێستا، لە سەر بوددجەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندرووستی هەولێر، پڕۆژەی دروست كردنی باڵەخانەیەك بۆ بەشی فریاكەوتن لە سەنتەری ناحیەی سیدەكانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دروست كرا و لە رۆژانی داهاتوو دەخرێتە خزمەتی هاووڵاتییان .
كاروان فەیسەڵ بەڕێوەبەری بنكەی تەندرووستی سیدەكان بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند:” بە گوژمەی 97 ملیۆن دینار، لە سەر بوددجەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندرووستی هەولێر، دەستكرا بە پڕۆژەی دروست كردنی باڵەخانەی هەردوو فریاكەوتنی پیاوان و ئافرەتان لە سیدەكان، كە پێكدێت لە شوێنی بینینی دكتۆر، دەرمانخانە، شوێنی مانەوەی نەخۆش، شوێنی مانەوەی كارمەندان و تەواوی پێداویسیەكانی تێدایە .
بەڕێوەبەری بنكەی تەندرووستی سیدەكان، دەڵێت:” لە ئێستادا كۆتای بەكارەكانی پڕۆژەی باڵەخانەكە هاتووە، تەنها پێداویستی بەشەكە ماوە دابین بكرێت، بۆ ئەم مەبەستە نوسراومان ئاڕاستەی ناحیە و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كردووە، بۆ دابین كردنی پێداویستی، هەروەها ئامێر و پێداویستییە پزیشكییەكانیش لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی تەندرووستی سۆران و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندرووستی هەولێر دابین دەكرێن.
گووتیشی:” هەموو هەوڵێك ئەدەین لە ماوەیەكی نزیكدا بخرێتە خزمەتی دانیشتووان و هاوولاتییانی دەڤەرەكەمان، بەمەش ئاسانكاری باش دروست دەبێت و جەنجاڵی لەسەر بنكەی تەندرووستیمان كەمدەبێتەوە بەتایبەت لە كاتی رووداوەكان”.
لە سەنتەری سیدەكان تەنها بنكەیەكی تەندرووستی لێیە، لە ئێستەدا هیچ جۆرێك لە نەشتەر گەری لێ ئەنجام نادرێت، ئەمە لە كاتێكدایە نزیكەی 20 هەزار دانیشتووی هەیە و بۆ چارەسەری پێویست روو لە سۆران و شوێنەكانی دیكە دەكەن، كردنەوەی ئەو فریاكەوتنە سوودی زۆری بۆ دانیشتوانان دەبێت.