كارلەسەر دابینکردنی کارەبا لە رێی وزەی خۆر بۆ گوندەکان دەكرێت
زاری كرمانجی-سۆران
هەژار حەكیم بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە زاری كرمانجی گووت ” ڕۆژی دووشەممە ١٢ی شوباتی ٢٠٢٤، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەڵگورد شێخ نەجیب، پێشوازی لە کونسووڵی گشتی هۆڵەندا لە ھەرێمی کوردستان (یاکۆ بیرێندز) و بەرپرسی ئابوری کونسوڵخانە کرد”.
ئەوەشی خستەڕوو ” لە دیدارێکی نێوان سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و کونسوڵی هۆڵەندا باس لە گرنگیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە بواری جوگرافی، بازرگانی و ئابوورییەوە کرا و پێشخستنی پەیوەندییەکان و دروستکردنی ھەماھەنگی زیاتر، گفتوگۆیان لەسەر کرا. لە تەوەرێکی دیکەدا، باس لە دوو پڕۆژەی گرنگ کرا لەوانە:
- دابینکردنی کارەبا لە رێی وزەی خۆر بۆ گوندەکان، کە لە بواری پاراستنی ژینگە و کەشوهەوا، پرۆسەیەکی نێودەوڵەتییە.
- پڕۆژەی دووەمیان: بەکارهێنانەوەی ئاوی قوڕسە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، هەروەک سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند:” لەو بوارەدا هەنگاوی باشمان بڕیوە و پرێسنتێشنێکیش لەو بوارەدا پێشکەش بە کونسوڵی هۆڵەندا کرا و بە خۆشحاڵییەوە پاڵپشتی خۆیان بۆ پڕۆژەکانمان پیشاندا”.
ئاماژەی بەوەشدا ” هەریەک لە جێگری سەرپەرشتیار حەکیم تێلی و قائیمقامی قەزای ناوەندی ئیدارەی سۆران و بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران، سەرۆکی شارەوانی سۆران و بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆ، تیمێکی زانکۆی سۆران لە دانیشتنەکە ئامادەبوون.