زارى کرمانجى-سۆران:
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی هەرێمی كوردستان، هەموو خانەنشینان و میراتگری خانەنشینان لە وردەكاریی فۆڕمێكی تایبەت ئاگادار دەكاتەوە.
بەپێی فۆڕمێك، كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینەوە، لە رێگەی بانكەكان دراوەتە خانەنشینان، چەندین زانیاری لە خانەنشین داوا كراوە، لەوانە: ناوی خانەنشین یان میراتگری خانەنشین، لەگەڵ ناوی ئەو بانكەی مووچەی لێ وەردەگرێت، لەگەڵ كۆدی بایۆمەتری، هەروەها چەندین زانیاریی تایبەت بە پێناسەی باری كەسی و كارتی نیشتمانی و شوێنی دانیشتن و كارتی زانیاری لە فۆڕمەكە داوا كراون.
لە فۆڕمەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، ئەو خانەنشینانەی بریكارنامەی تایبەت (وەكالەیان) كردووە بۆ كەسی دووەم، دەبێت لە وەرگرتنی مووچە خۆی ئامادەبێت.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، ئەو خانەنشینانەی لە دەرەوەی وڵاتن و بریكارنامەیان بۆ كەسی دووەم كردووەتەوە، پێویستە لە رێگەی باڵوێزخانەی عێراق، یان لە رێگەی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بریكارنامەی فەرمی بنێرن، بەو مەرجەی لە رێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەسند بكرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە”لە مووچەی مانگی دوودا دەبێت خودی خانەنشینەكان، یان میراتگرەكانیان ئامادەی وەرگرتنی مووچە بن و زانیارییەكانیش تەواو و دروست بن، هەروەها دەبێت ئەو فۆڕمە بدرێتەوە بەو بانكەی، كە خانەنشین مووچەكەی لێ وەردەگرێت و كۆپیی ناسنامەی خانەنشین و كارتی زانیاری و كارتی نیشتمانییش لەگەڵ فۆڕمەكە بێت.
لە هەرێمی كورستان، زیاتر لە 247 هەزار خانەنشینی سەربازی و شارستانی مووچە وەردەگرن و ئەو فۆڕمە هەموو ئەو خانەنشینانە دەگرێتەوە.