مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
گهنجێكى كۆڵبەرى خەڵكی بانە لە لایەن هێزە چەكدارەكانی ئێران تەقەی لێكراو گیانی لە دەستدا.
سەیوان سەحیحی تەمەن 20 ساڵ خەڵكی بانەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، درەنگانی شەوی ڕابردوو لە كاتی كۆڵبەری لە سنووری سارداوی شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران كوژرا.
بە پێی سەرچاوە هەواڵییەكانی ناوچەكە، تەرمی ئەو كۆڵبەرە گەنجە كوردە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی سەڵاحەدینی ئەیووبی شاری بانە ڕادەستی بنەماڵەكەی كراوەتەوە.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆماركراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەكانی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا لانی كەم ٢٢ كۆڵبەر لە سنوورەكانی كوردستان كوژراون و ١١٦ كۆڵبەری دیكەش بریندار بوون.