شەپۆلێكی بەهێزی باران بارین روو هەرێمی كوردستان دەكات، كە هەورە بروسكەی بەهێز و باو بارانێكی زۆری لەگەڵ دەبێت و لە هەندێ ناوچەشدا ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە.
ئاراس جەبار شارەزای بواری كەشناسی، لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە” لە ماوەی نێوان (14 بۆ 26)ی ئەم مانگە، بەهۆی چالاكبوون و گۆڕانی جوڵە و ئاراستەی نزمەپاڵەپەستۆكانی زەریای ئەتڵەسی بۆ دەریای ناوەراست و رۆژھەڵاتی ناوەراست بەگشتی و هاتنی شێ و تەریەكی زۆریش لە دەریای سوور و نیمچە دوورگەی عەرەبیەوە چەند شەپۆلێكی بەهێزی بارانبارین سەرتاسەری ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و زۆرێكی ناوچەكانی عێراق دەگرێتەوە”.
ئەم كەشناسە زیاتر پێشبینی كردووە” یەكەم شەپۆلیان لە (14ی مانگ بۆ 18)ی مانگ كاریگەری دەبێت و چەقی شەپۆلەكە كۆتای ئەم هەفتەیە دەبێت بە تایبەت لە رۆژانی (15 و 16)ی مانگ ئەگەری چالاكبوونی هەورە بروسكەی بەهێز و باو بارانێكی زۆر دەبێت كە لە هەندێ ناوچەشدا ئەگەری دروستبوونی لافاو دەبێت شەپۆلەكانی.
زیاتر نووسیویەتی ” لە (20)ی مانگ بە دواوە دەستپێدەكات كە بەهەمان شێوە پێشبینی بارانێكی زۆریان لێدەكرێت و ئەو ماوەیە پر باراناویترین ماوەی بارانی ئەم وەرزە و ئەمساڵ دەبێت بۆ سەرتاسەری ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و رێژەیەكی زۆر بارانبارین تێدایە”.
دەشڵێت” بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما لەم ماوەیەدا و هاتنی كەشێكی بەهارە و فێنك كە هۆكارە بۆ ناجێگیری و گۆڕانكاری خێرا لە پلەی گەرمی و شێ و رەگەزەكانی دیكەی كەشوهەوا لە بەرزییە جیاوازەكانی بەرگە هەوادا جۆرێك لە ناسەقامگیری دروستەبێت كە شێوازی دابارینەكان لەم شەپۆلانەدا بە زۆری دەگۆرێت بۆ تەرزە و بارانی بەخوڕ و دروستبوونی كەڵەكە هەورە گەورەكان كە بروسكە و بای بەهێز لە گەڵیاندا هەیە هەر لەبەر ئەوە قۆناغی ئەمجارەی بارانبارین لە حاڵەتەكانی پێشتر جیاواز دەبێت كە بارستە هەوای سارد و كەشێكی ئارامتریان دەهێنا بۆ ناوچەكە”.