” ئەم جولەیە ئاماژەیە بۆ ئەگەری روودانی جەنگ”
ئیسرائیل بڕیاری دا گەورەترین فرقەی سەربازیی خۆی بگوازێتەوە بۆ سنووری لبنان لە كاتێكدا جەنگی بەرفرەوانی لەگەڵ حەماس لە كەرتی غەززەی فلستین هەیە.
ئەمڕۆ یەكشەمە 11-2- 2024، ماڵپەڕی (ئیلاف) بڵاوی كردووەتەوە، “سەرۆكی دەستەی ئەركانی سوپای ئیسرائیل، فەرمانی كرد گەورەترین فرقەی سەربازیی سوپاكەی، لە كەرتی غەزەوە بگوازێتەوە بۆ سنووری لبنان”.
زیاتر روونكراوەتەوە ” ئەم بڕیارە لە نێو فەرماندەكانی سوپای ئیسرائیل گفتوگۆی زۆری لەبارەوە كرا، تا گەیشتە ئەم ئەنجامە”.
هێرتسی هالیفی، سەرۆكی دەستە ئەركانی سوپای ئیسرائیل، بڕیاریدا گەورەترین فرقەی سوپاكەی لە غەزەوە بگوازێتەوە بۆ سنووری لوبنان، لەمبارەیەوە گووتی” شەڕكردن لە چەند بەرەیەكەوە ئاڵۆزە و ئاسان نییە، بۆیە پێویستی بەو جۆرە بڕیارانە هەیە، بۆیە بۆ بەهێزكردنی بەرەكانی سنووری لبنان، ئەو بڕیارەمان داوە”.
چاودێران پێیانوایە “گواستنەوەی ئەم فەرقەیە بۆ سنوورەكانی لوبنان ئاماژە بۆ ئەگەری هەڵگیرسانی بەرەیەكی دیكەی جەنگ ئیسرائیل، كە پێشبینی دەكرێت لەگەڵ حزبولڵای لوبنانی بێت”.
ئەمە لە كاتێكدایە كە ” هەموو وڵاتانی جیهانی هانی ئیسرائیل دەدەن جەنگەكە بەرفرەوان نەكات”.