زاری كرمانجی – سۆران :
لووتكەی جیهانیی حكومەتەكان ساڵانە لە وڵاتی ئیمارات بەڕێوە دەچێت، شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە یاوەری سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی بەشداری دەكەن لەم لووتكەیەدا.
مەسرور بارزانی سەرۆكوەزیرانی حكومەتی هەرێم و شاندێكی یاوەری، ئەمڕۆ یەكشەممە (11ی شوباتی 2024) لەسەر بانگهێشتی تایبەتیی شێخ محەممەد بن ڕاشد ئال مەكتووم، جێگری سەرۆكی دەوڵەتی ئیمارات و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و حاكمی میرنشینی دوبەی، بەرەو ئیمارات بەڕێكەوت بۆ بەشداریكردن لە لووتكەی جیهانیی حكومەتەكان .
ئەمساڵ لووتكەی جیهانیی حكومەتەكان لە دوبەی بە دروشمی (ئایندە بینی حكومەتەكان) و بە بەشداری زیاتر لە 125 سەركردە و سەرۆكی حكومەت و دامەزراوەكان بەڕێوە دەچێت و ماوەی سێ ڕۆژ لە 12 تاوەكوو 14ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
لووتكەی جیهانیی حكومەتەكان پلاتفۆرمێكە بە میوانداری زیاتر لە 25 سەرۆكی دەوڵەت و حكومەتەكان و زیاتر لە 85 ڕێكخراوی نێودەوڵەتی، هەرێمی، دامەزراوەی جیهانی و 120 شاندی حكومی و سەركردە و بیرمەندانی جیهانی بەڕێوە دەچێت، كە ئامانج لێی خستنە ڕووی دیدگای فراوانە بۆ ئاراستە سەرەكییەكانی داهاتووی حكومەتەكانی جیهان.
ههروهها لە پەراوێزی هەشتەمین خولی كۆڕبەندی دارایی عەرەبی لەلایەن وەزارەتی دارایی ئیمارات كە بە هەماهەنگی لەگەڵ سندووقی دراوی عەرەبی و سندووقی دراوی نێودەوڵەتی ڕێكخراوە دەبەسترێت، كە ئامانج لێی دیزاینكردنەوەی سیاسەتی دارایی و كاراكردنەوەكەیەتی لە چوارچێوەیەكی دادپەروەریدا، بۆ چارەسەركردنی لاوازی ئاستی قەرز و مامەڵە دارایییەكان و شیكردنەوەی كێشە دارایییەكانی ئایندەی جیهان، كە چوار پانێڵی سەرەكی لە خۆ دەگرێت ئەوانیش: ئابووری گشتی، پێشكەوتنەكان و پێشنیازەكان، پێشكەشكردنی تێڕوانینی گشتی بۆ ئابووری جیهانی عەرەبی لەسەر ئابووری ناوچەكە. هەروەها باسكردنی خاڵە لاوازەكانی پەیوەست بە قەرزەكان و پشتیوانیكردن لە كەرتی چاكسازی دارایی.
یەكێكی دیكە لە تەوەرەكانی لووتكەكە باسكردنی چیرۆكەكانی سەركەوتنە، كە چاكسازیكردن لە كەرتی وزە و تۆڕەكانی دیكەی ئاسایشی كۆمەڵایەتی لە خۆ دەگرێت.
دانیشتنی سێیەمی لووتكەكە بەدرەشمی “چۆن بەها لە سامانی گشتییدا دروست بكەین”، دەست پێ دەكات كە باس لەوە دەكات چۆن حكومەتەكان دەتوانن لەڕێگەی سەرمایەكانیانەوە كەرتی گشتی ببووژێننەوە.
هەروەها بە بەشداری، 15 وەزیری گەنج لە وڵاتانی عەرەبی و زیاتر لە 20 بڕیاردەر و دامەزراوەی گەنجان و بەشداری زیاتر لە 100 گەنجی دیكەی سەركردە و خاوەن ئەزموون لە كۆمەڵگەی مەدەنی و گەشەپێدانی مرۆیی و هاوكات 30 قسەكەر، كۆبوونەوەیەكی دیكەی پەراوێزیی لە لووتكەی جیهانیی حكومەتەكان لە دوبەی بۆ سەركردە گەنجەكان بەڕێوە دەچێت، كە تێیدا پێداچوونەوە بە كۆمەڵێك دەستپێشخەری و ئەزموون و لێكۆڵینەوەی گەنجان و لاوان دەكات لەسەر ئاستی جیهانی عەرەبی كە پەیوەست دەبێت بە بەهێزكردن و بنیاتنانی بەرزكردنەوەی ئاستی توانستەكانیان.
ئەو شاندەی یاوەری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دەكەن پێكهاتوون لە بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكان، كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی دەرەوەی و محەممەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان و چەند ڕاوێژكارێك یاوەری دەكەن.
سبەی دووشەممە (11ی شوباتی 2024) كاتژمێر (3:30) خولەك بە كاتی كوردستان، لە لووتكەی جیهانیی حكومەتەكان سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی وتارێكی گرنگ پێشكەش دەكات و باس لە دیدگای نوێ بۆ گەشەپێدان و ئابوورییەكانی ئایندە دەكات.
هەروەها سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەراوێزی لووتكەكەدا، چەندین دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسان و بیرمەندان و خاوەنكارانی عەرەبی و هەرێمی و جیهانی دەبێت.