رێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ، رایگەیاند ” سەفا عائیلی، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سەرجەم سزای ٥ ساڵ و ٤ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکردنی بەسەردا سەپیندرا”.
سەفا، كە خاڵی ژینا ئەمینیە، چەند رۆژێك بەر لە ساڵیادی شەهید كردنی ژینا دەستبەسەر كرا و دواتر بە تۆمەتی دروستكردنی گرووپ لە دژی حكومەت سزای بەسەر سەپێندراوە.
رێكخراوی هەنگاو لە راپۆڕتێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دكات ” ناوبراو هەندێک سزای دیکەی وەک قەدەغەکردنی چوونە دەرەوە لە ئێران بۆ ماوەی دوو ساڵ و نووسین سەبارەت بەو هێزە حکومییانەی کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیدا کوژراون بەسەریدا سەپێندراوە”.
سەفا عائیلی خاڵی ژینا ئەمینی تەمەنی ٣٠ ساڵە،و لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری سەقز بە سەرۆکایەتی دادوەر جەواد مستەفایی بە تۆمەتی “بەشداریکردن لە پێکهێنانی باند و گرووپ دژ بە ئاسایشی نیشتمانی” هەروەها بە تۆمەتی “چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت” و “بێڕێزیکردن کردن بە خامنەیی” سزای ٥ ساڵ و ٤ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپیندراوە .
هەنگاو بڵاویکردووەتەوە” سەفا عائیلی ڕۆژی سێشەممە (٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، لە ڕەوتی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی و لەگەڵ بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەرکرا و لە ئاکامدا ڕۆژی سێشەممە (١٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) دوای تێپەڕکردنی ٤٢ ڕۆژ دەستبەسەرکران و بەدانانی بارمتەی یەک ملیار و دووسەد ملیۆن تمەنی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگایی کردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندی سنە ئازادکرا”.