ئا/ڕۆژان قیاس – زاری کرمانجی :
بەپێی ئامارێکی “ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران” کە ڕۆژی یەکشەممە 10 ی ڕەزبەر بڵاوی کردووەتەوە، لە ماوەی 16 ڕۆژی سەرەتای ناڕەزایییەکانی دژی کۆماری ئیسلامی 133 هاووڵاتی لە سەرتاسەری ئێران بە زەبری گوللەی هێزەکانی حکومەت گیانیان بەخت کردووە.
ئەو ڕێکخراوە وێڕای سەرکۆنە کردنی کوشتاری هاووڵاتییان بەدەستی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی، ئاشکرای کردووە، کە تەنیا لە شاری زاهدان ٩٢ هاووڵاتی بە گوللەی هێزی حکومەت کوژراون.
هاوکات “کەمپینی چالاکانی بەلووچ” ناسنامەی ٤١ گیان بەخت کردووی بڵاو کردووەتەوە کە لە میانەی ناڕەزایییەکانی ڕۆژی هەینیی شاری زاهيداندا بە دەستی هێزەکانی حکومەت کوژراون.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە سەرچاوە فەرمییەکان، لەوانە پارێزگاری سیستان و بەلووچستان ژمارەی قوربانیانی بە ١٩ گیان بەخت کردووە و ٢٠ بریندار ڕاگەیاندووە.
کەمپینی چالاکانی بەلووچ لە ڕاپۆرتێکدا ئاماری پارێزگاری سیستان و بەلووچستانی ڕەت کردووەتەوە و ڕاگەیاندووە، کە لە میانەی ناڕەزایییەکانی ڕۆژی هەینیی شاری زاهيداندا ١٩٧ هاووڵاتی بریندار بوون کە ١٦٠ لەوان بە گوللەی جەنگی کراونەتە ئامانج و ٣٧ی دیکە بە گوللەی ساچمەیی.
ماڵپەڕ و ئاژانسەکانی سەر بە حکومەت، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملیی هاووڵاتییەکی بەلووچیان بڵاو کردووەتەوە کە لە میانەی ناڕەزایییەکانی شاری زاهداندا دەستگیر کراوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لەو بارەیەوە دەڵێت، پێ دەچێت ئەو هاووڵاتییە لەژێر فشاردا ناچار بە دان پێدانان کرابێت لەدژی خۆیدا.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا،چەند ڤیدیۆی دیکەی دان پێدانانی زۆرە ملیی هاووڵاتییانی دەستگیر کراو لە میدیاکانی حکومەتەوە بڵاو کراوەتەوە.
سەرچاوە، ماڵپەڕی ئێران وایەر.