مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بە پێی هەواڵهكانى میدیاكانی ئیسرائیل، سوپای ئیسرائیل تونێلێكی 700 مەتر درێژیان لە ژێر بارەگایەكی تایبەت بە نەتەوە یەكگرتووەكان لە كەرتی غەزە دۆزییەوە و كۆمیساری گشتی ئاژانسی فریاگوزاری و كارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانیش بێ ئاگایی خۆیان لە بوونی ئەو تونێلە لە ژێر بارەگاكەیان ڕاگەیاند.
موقەدەم ئیدۆ، فەرماندە لە سوپای ئیسرائیل لەنێو تونێلەكەوە قسەی بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن كرد و گوتی “20 مەتر لەسەرووی ئێمەوە، بارەگای سەرەكیی ئۆنروایە. ئەمە ژووری كارەباكەیانە، ئەو هەموو پاتری و هێڵی كارەبایە.”
پێشتر سوپای ئیسرائیل ڕێكخراوی ئۆنروای سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانی تۆمەتبار كرد كە لەلایەن كارمەندەكانیانەوە هاوكاری چەكدارانی حەماس دەكرێن.
لای خۆیەوە فیلیپ لازارینی كۆمیساری گشتی ئاژانسی فریاگوزاری و كارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەنابەرانی فەلەستین، ڕەتی كردەوە هیچ زانیارییەكی هەبێت لەسەر بوونی ناوەندێكی داتاكانی حەماس كە هێزەكانی ئیسرائیل لەژێر بارەگای ئاژانسەكەدا لە غەززە دۆزییانەوە.