شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕ، باس لە زیانەكانی منداڵبوون بە نەشتەرگەری دەكات و دەڵێت” جاری وا هەیە بە حاڵەت دەگۆڕدرێت و پێویستە بە نەشتەرگەری بێت.
د. پەیمان سابڕ، پزیشكی پسپۆڕی ئافرەتان، بە زاری كرمانجی راگەیاند” ئەگەر بڵێین لە ئێستادا رێژەی منداڵبوون بە نەشتەرگەری زیادی كردووە بەڵام لە هەمان كاتیشدا منداڵبوون بە سروشتی زیاترە، جاری واش هەیە بە حاڵەتەكان دەگۆڕدرێن بۆ نموونە ئافرەتێك تووشی حاڵەتی فریاگوزاری دەبێت و پێویستە نەشتەرگەری بۆ بكرێت.
گووتیشی” زیانەكانی منداڵبوون بە نەشتەرگەری زۆرن، ئەگەری هەڵنەستانەوە لە بەنج ئەمە كێشە سەرەكییەكەیە، خوێنبەربوون زیاتر دەبێت، تووشبوون بە ئیلتیهاباتی سنگ و شوێنی برینەكە، هەندێكجار ئەگەری برینداربوونی ریخوڵەكان و میزڵدان هەرچەندە بە كەمی روودەدەن بەتایبەت لەكاتی نەشتەرگەری پاش دووەم و سێیەم جار، هەروەها هەوكردنی برین و خوێن مەیین لە قاچەكان و سییەكان كە لە منداڵبوون بە نەشتەرگەری ئەگەرییان زیاترە، بێگومان ئەمانە هەموویان لە منداڵبوونی سروشتی كەمترە و توانای گەڕانەوەی تەندروستی ئافرەت خێراتریشە.
ئەم پزیشكە ئاشكراشی كرد” ناتوانین بڵێین ماكەكانی بە هیچ شێوەیەك لە كاتی منداڵبوون بە سروشتی روونادات چونكە هەر نەخۆشێك جیاوازە لەوەی دیكە و تایبەتمەندی جیاجیای هەیە لەبەر ئەوەش بڕیاردان بۆ جۆری لە دایكبوون پێویستە زۆر بە وردی بێت بۆ بەرژەوەندی دایك و كۆرپەكە و تەندروستی هەردوولا.