حەسەن ئەحمەد مستەفا
بەشی یەکەم:
کاتێک باس لە سیاسەتی ئەمریکا و تەنانەت هێزەکانی دیکەی ناوچەکە دەکرێت، دەبێت لە هێرشی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل و دواتر لەشکرکێشی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە دەست پێبکەین، کە ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە داڕشتنی ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵی ٢٠٢٤دا ڕوودەدات.
ئەمریکا لە ئێستادا لەهەموو کاتێک زیاتر ئامادەیە بۆ شەڕێکی بەرفراوان بەلام جەنگی ناوێت، هێزێکی سەربازی بەرچاوی لە ناوچەکانی بەریەککەوتن لەناویاندا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداودا جێگیروئامادە کردووە. لەگەلیدابەرهەڤکردنی چەکی ستراتیژی. سەرەڕای ئەوەش ئەمریکا چالاکانە هەوڵدەدات بۆ بەڕێوەبردنی (ئیحتیوا)دۆخەکە، بەرێوەبەرایەتی بایدن نایەوێت جەنگەگە لە جەنگی غەزە بترازێت، بۆ گرنتی کردنی ئەمەش لەم هەفتەیەدا بەرپرسانی باڵای بۆ سەردانێکی ناوچەیی نارد. کە بە یاوەری وەزیری دەرەوە (ئەنتۆنی بلینکن) لە گەشتەکەیدا لەم هەفتەیەدا بریتین لە یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک( باربارا لیف)، ڕاوێژکاری وەزارەتی دەرەوە (دێریک چۆلێت)، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ سەرچاوەکانی وزە وڕێکخەری سەرۆکی ئاسایشی تایبەتی وزە لە کۆشکی سپی (ئەمۆس هۆچشتاین). بلینکن لە دوای ٧ی تشرینی یەکەمەوە چوارەم سەردانی (کەم دەسکەوتی) خۆی بۆ ناوچەکە ئەنجامداوە ودەستیکردووە بە گەشتێکی هەفتەیی کە نۆ وڵات دەگرێتەوە.
هەوڵەکانی بایدن دەتوانرێت وەک گەڕانێک بۆ سەرمایەی سیاسی لە ساڵێکی گرنگی هەڵبژاردندا سەیر بکرێت کە هاندانی دیپلۆماسی بۆ دەوڵەتە ڕکابەرەکانی ناوچەکە بەخۆیەوە بینیوە – لەوانەش دانپێدانانی فەلەستین، لەوانەیە لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەکیدا بەرێوەبەرایەتی بایدن ئەوەندە باسی دەوڵەتێک بۆ فەلەستیتنییەکان نەکات.
دەشێ، دوای هێرشەکانی یەمەن، هێرشە ئاسمانییەکانی شەوی هەینی ئەمریکا بۆ سەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سوریا و عێراق قورساییەکی نوێی خستە سەر پێگەی ئەمریکا لەو ناوچەیە.
ڕەنگە هێرشەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا ئەوەندە سەرکەوتوو بووبێت کە زیانێکی بەرچاوی بە بەرەی موقاوەمەی ئێران لە عێراق گەیاندبێت.
ستراتیجی ئەمەریکا بۆ ئەوەی ململانێکان پتر تەشەنە نەکەن، هەردوو دەستپێشخەری دیپلۆماسی و سەربازی لەخۆدەگرێت، وەک کوشتنی بکوژە عێراقییەکەی سێ سەربازی ئەمریکی کە لە ئەردەن لە ئەرکدا بوون.
لە چوارچێوەی ئەم جۆرە هەوڵانەدا، دەیڤید کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا داوای کرد کە بەریتانیا و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان زووتر دان بە فەلەستین بنێن نەک درەنگ.
پێدەچێت لێدوانەکانی سەرۆکوەزیرانی پێشوو وەزیری ئێستەی ناو قەیرانەکە کە لە میانی گەشتێکیدا بۆ لوبنان پێشکەشی کرد، لەگەڵ واشنتۆن هەماهەنگ بووبێت بۆ ناردنی پەیامی دڵنیاکەرەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری درێژخایەن بۆ پرسی بنەڕەتی ئیسرائیل-فەلەستین.
یەکەم جار نییە باسی دوو دەولەت
شەڕ خزمەتی بەرژەوەندی فەلەستینییەکانی نەکردووە لەو کاتەوەی ئیسرائیل دوای هەر شەڕێک خاکی خۆی فراوان کردووە.
پێشتریش دوودەوڵەتی خاوەن سەروەری پێشنیار کراوە. دوابەدوای ڕاپەڕین و ئاڵۆزییەکانی ساڵی ١٩٨٧ باس لە دامەزراندنی دوو دەوڵەت کرا، بەڵام ئەمە بەدی نەهات.
دوای پێنج ساڵ لە دۆڕانی میسر لە جەنگی (یۆم کیپور) لە ساڵی ١٩٧٣، ڕێککەوتننامەی (کامپ دەیڤید) واژۆ کرا وئیسرائیل سنوورەکانی فراوانتر کرد. لوتکەی (مەدرید)لە ساڵی ١٩٩١ عەرەبەکانی ناچار کرد دانوستان بکەن و مۆری خاکێکی فراوان بۆ ئیسرائیل بکەن.
دەرئەنجامی ململانێی غەززە بە باوەڕی ئیسرائیل بە توانای دابینکردنی ئاسایشی درێژخایەنی ئیسرائیل دیاری دەکرێت. ئەمەم باس کرد چونکە دەبێت بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکان بکەین لەسەر زەوی لە شەقامەکانی غەززە. شەڕی نێوان سەربازانی ئیسرائیل و حەماس و لایەنگرانی لە ناوەڕاست و باشووری غەززە توندتر بووە.
لە باکووری کەرتی غەززە، لە سەرەتای مانگی یەکدا شەڕ و هێرشە ئاسمانییەکان وەستان، دوای ئەوەی هێزەکانی ئیسرائیل بانگەشەی پاککردنەوەی ناوچەی حەماسیان کرد و پاشەکشەپێکردنی هەزاران سەربازیان ڕاگەیاند. بەڵام هێزەکانی ئیسرائیل لە کۆتایی ئەم مانگەدا گەڕانەوە بۆ چەند ناوچەیەکی شاری غەززە و باکوری غەززە لە هەوڵێکدا بۆ دووبارە هەڵمەتەکانیان. شەڕ و پێکدادان لە نێوان سەربازانی ئیسرائیل و حەماس و جیهادی ئیسلامی فەلەستینی و گروپە فەلەستینییەکانی دیکە لە گەڕەکەکانی جەبەلی و بەیت لاحیە و گەڕەکەکانی دیکەی شاری غەززە سەریهەڵدا.
ڕێکخراوی حەماس و ئیسرائیل وەڵامی ڕێککەوتنێکی ئەگەرییان داوەتەوە کە نێوەندگرانی نێودەوڵەتی بۆ ڕێکخستنی ئاگربەست و ڕێگەدان بە ئاڵوگۆڕی دیلەکان ئەنجامیانداوە. بزووتنەوەی حەماس داوای ئاگربەستی هەمیشەیی کردووە، تەنانەت داواکارییەکانی حەماس زیاتر لە خواستی براوەی جەنگ دەچوون و بایدن خۆیشی وتی زیادەرەوی تێدایە،لە کاتێکدا ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە ئامادەیە بەردەوام بێت لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی حەماس تا ئەو کاتەی کە “سەرکەوتنی تەواو” بەدەست دەهێنێت، بە مەبەستی پێشخستنی گفتوگۆکان. دانوستانەکان لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل خۆی بۆ داگیرکردنی شاری ڕەفح ئامادەدەکات(ڕەفح شارێکی سنووری فەلەستینە، و ناوەندی پارێزگای ڕەفحە. دەکەوێتە باشووری دووری کەرتی غەززە کە سەر بە دەسەڵاتی فەلەستینە و بە یەکێک لە شارە مێژووییە کۆنەکان دادەنرێت، پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر دامەزراوە و لەلایەن فیرعەون و ئاشووری و یۆنانی و ڕۆمەکانەوە داگیرکراو) لە ئیستەدا بە مەزەندەکردنی یەک ملیۆن و ٤٠٠ هەزار فەلەستینی تێیدا نیشتەجێیە.
عێراق بارمتەو مقاوەمە
بەرخۆدانی ئیسلامی لە عێراق کە لەلایەن ژمارەیەکی زۆر لە میلیشیا شیعەکانی لایەنگری ئێران لە عێراق دامەزراوە، فرێکوێنسیی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی، هەروەها هەوڵی هێرشکردن، لە عێراق لەلایەن ئەم گرووپانە لە عێراق پەرەی سەند، ئامانجە سەرەکییەکانیش بنکە ئاسمانییەکانی هەریر و عەین ئەسەد بوون لە پارێزگاکانی هەولێر و ئەنبار. بە هەمان شێوە هێرشی موشەک وفڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر شوێنەکانی ئەمریکا وهاوپەیمانان لە پارێزگاکانی دێرەزوور وحەسەکە ودیمەشقی سوریا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆوەو دیسان عێراقییەکان بەرپرسیارییەتییان گرتۆتە ئەستۆ.
لەهەمووی باڵکێشتر لە ٢٩ی ژانویە، هێرشێکی خۆکوژی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر دامەزراوەیەکی سەربازیی لەسەر سنووری ئوردن وسوریا، سێ سەربازی ئەمریکی کوژران وئیدارەی بایدنی ناچارکرد بڕیارێکی توند بدات کە ڕای گشتی ئەمریکا ڕازی بکات.
بەرخۆدانی ئیسلامی لە عێراق شانازیی بەو هێرشەوە کرد، سەرەڕای ئەوەی عێراق زیاتر لە هەموو کاتێک بارمتەی دارایی ئەمریکایە وبڕبڕەی پشتی ئابووریی عێراق کە پترۆدۆلارە لە ژێر کۆنترۆڵی دارایی ئەمریکادایە.
لەناوچەکەدا ئیتر هەموان لە جەنگدان و تارادەیەک لەبەردەم هەرەشەو دەرفەتدان، چارەنوسی حکومەتەکەی سودانی نادیارەو حکومەتی هەرێمی کوردسانیش دەرفەتی مانۆری زیاتری لەبەردەم ئاوەڵا دەبێت و تەنانەت لەمەودوا بەهۆی گیرۆدەبونی بەرەی بەرەنگاری لە عێراق نۆرەی ئەوەیە بزووتنەوەی دیکەی شێعە سەر هەڵبدەن و گریمانەی شەری ناوخۆیی شیعەکان دەکرێت.
لەبەشی دووەمدا تورکیاو جەنگی غەزە، و سەردانی وەزیری دیفاعی تورکیا بۆعێراق شرۆڤە دەکەین