ن/ حوسێن كوردنژارد
ساغبوونەوە لە سەر داوای خۆت و پوختکردنی داواکە وەک ستراتێژی، بە واتای ئەوەی خوازیاری وەدەستی بێنی، قۆناغێکی گرینگی هەنگاوهەڵێنانە بەرەو رزگاری.
یەک لە ئەرکە سەرەکییەکانی نەیاران ئەوەیە کە قەناعەتمان پێ بێنن کە ئەوەی ئێمە ئارەزووی دەکەین مومکین نییە، بۆیە پێویستە لەگەڵ ئێمەدا بن، زۆر تووندەکانیان دەلێن هەر نابێ و نەرمەکانیشیان دەلێن لەگەڵ ئێمە بن و پێکەوە دەژین واز لەو خواست و خەیاڵاتە بێنن، سەر ناگرێ.
بۆیە ئەگەر هەر جۆرە گۆتارێکی تووند و نەرممان لە نەیاران گوێ لێ بوو، نابێ پێمان سەیر بێ و کورد گۆتەنی هەتا بنی خەتەکەی پێویستە بیخوێنینەوە کە مەبەست چییە.
کاتێک بۆخۆمان ئیسبات و دەلیل دێنینەوە کە کاکە سەرناگرێ و گۆتاری رزگاری دەشێوینین، پێویستە بزانین کە لە رزگاری خەریکین دوور دەکەوینەوە.
ئێمـە براین، چارەسەری پرسەکەمان هەر لە لای نەیاراندایە، خۆ بۆ خۆمان پێـمان ناکرێ، جارێ با داوای شتی کەمتر بکەین وەک ئەوە بێ کە نەیاران نازانن ئێـمە چیمان دەوێ!!
بۆیە ئەوان ستراتیژیک بیر دەکەنەوە و عەمەل دەکەن، ئێـمەش بە سیاسەتی رۆژانەوە سەرقاڵ دەبین.
ئەگەر هاتوو وازمان لە پرسی خۆمان هێنا و چارەسەری ژیانی رۆژانەی خۆمان نەک وەک میللەت بەڵکوو وەک گروپ و کەس بەستەوە بە نەیاران و ئەوەمان لێ بوو بە سیاسەت و باوەر، حەتمەن دەبێ بزانین کە لە ئامانج دوور دەکەوینەوە.
ئێـمە لە هەر جۆرە رێکخستنێکی جۆگرافیایی و سیاسیدا بژین کە هەلومەرج بۆمان دەرەخسێنێ سەروەریی ئینسانی کورد لە بەرێوەبردنی ژیانی ئابووری و سیاسی خۆیدا پێویستە بە بنەمای هەنگاوەکانمان دابنێین.
ئەگەر سیاسەتی رزگاریی ئێمە مەودای نێوان ئێستا و داهاتووی سەربەستمان بۆ پڕ دەکاتەوە پێویستە ئەو سیاسەتە لە سەر بنەمای سەروەریی ئینسانی کورد، لە هەر مەرحەلەیەکدا بینا بنرێت. ئەگەر بێت و واز لەم ئەسڵە لە سیاسەتی رۆژانەدا بێنین لە ئامانج دوور دەکەوینەوە.
ساڵێک بەر لە راگەیدانی سەربەخۆیی ئامریکا دەنگی پێویست بۆ بەرەنگار بوونەوە و رزگاری لەلای میللەتی ئامریکادا نەبوو، رزگاریخوازان دەستیان بە نووسین و ئاراستە کردنی بیری گشتی کرد کە بە نامەکانی فێدرالیستەکان ناوزەد کراوە و لەو ماوە کورتەدا مایند سێت- و بیری گشتی بە قازانجی رزگاریی گۆردرا. بۆیە ئاراستەکردنی بیری گشتی و ساغبوونەوەی خەڵک بە قسە و بە کردەوە فاکتۆرێکی گرینگی رەوتی رزگارییە.
هەموو سیستەمێک براوە و دۆڕاوی هەیە، پۆپۆلیزم دەبێتە قسەکەری ئەو دۆڕاوانە جا چ لە چەپدا بێت یان راستی سیاسەتدا.
بۆیە لە ئێستای کوردستاندا کە وڵاتێکە لە حاڵی گەشەئەستاندندایە، سەیر نییە کە براوە و دۆڕاو لە ژیانی کۆمەلایەتی و ئابوورییدا بە ئاشکرا وەبەرچاو بکەوێ، هەر بۆیەشە کە پۆپۆلیزم جێ و پێگەی هەیە، بەڵام مەترسیی گەورە ئەوکات ڕووبەڕووی سیاسەتی گشتیی وڵات دەبێ کە ئەم پۆپۆلیزمە لەبەر کوالیتی نزمی خوێندەواری، بێتە نێو حیزبە کاریگەرەکانیش.
ئەو دەم سیاسەت بریتی دەبێ نەک لە کار و کردەی جیددی بۆ چارەسەری یەک لە دوای یەکی کەمایەسییەکان، بەڵکوو دێتە سەر پرسی کورتمەودای رۆژانەی ژیان بە بێ بەرچاوروونیی ستراتێژیک.
لەم جۆرە سیاسەتەش خەڵک لە مەودای کەمدا ماندوو دەبن و قسە و دیالۆگی بەرێوەبەرانی ولات لەگەڵ خەڵک لە وشکی دەدات و رێگا خۆش دەبێت بۆ بێمتمانەیی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە خۆی ڕووخێنەرێکی بەهێزی ستراتێژی رزگارییە.
دیسکۆرسی سیاسەتی بەرێوەبردنی وڵات (بە واتای گوتار و کردەوە) پێویستە بنەمای ستراتێژی هەبێ یانی بۆ هەموو بوارەکان بە شێوەی درێژخایەن و بە هەبوونی قەناعەتی جەمعییەوە هەنگاو هەڵبینرێت.
سیاسەتکردن بەم جۆرە هەم، پێش لە گۆتاری ئینکاری خۆمان دەگرێت و هەمیش کورتخایەنبوونی چارەسەرییەکانی پۆپۆلیزم کە گرێنەدراون بە ستراتێژی رزگارییەوە بە ئاشکرا دەردەکەوێ و مەیدانی سیاسەتی بۆ تەنگ دەبێت.
هاوکات پێویستە کە سیاسەت بە ئەرکی خۆی بزانێ کە رێژە و ژمارەی ئەوانەی دۆڕاوی بارودۆخی ئێستا و داهاتوون (بەتایبەت گەنجەکان)کەمی کاتەوە .پشتبەستن بە زانست بۆ داڕشتنی سیاسەت دەتوانێ هەنگاوێکی گرینگی خۆ تەیارکردن بێت لە گشت بوارەکاندا.
دەبێ هەر چەندساڵ جارێک بتوانین بڵێین دەستمان خۆش ئەم بوارەمان چاک بینا نا.
با بیر کەینەوە و هەر چەندساڵ جارێک بتوانین سەبارەت بە بوارێک لە بوارەکانی ژیان وا بڵێین.