زاری کرمانجی:
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممەدادگای باڵای فیدڕاڵی لەبارەی ئەو سکاڵایانەی لەسەر یاسای ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان تۆمارکراون کۆببێتەوە، نوێنەرێکی تورکومانیش دەڵێ: ھەر دواخستنێکی دیکە کاریگەری لەسەر پرۆسەی ھەڵبژاردن دەبێت، لە ئەگەری دەستکاری کۆرسی کۆتاکانیش ھەڵوێستمان دەبێت.
سارا دڵشاد، نوێنەری پێکھاتەی تورکومان لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بڕیارە ئەمڕۆ ١١ی شوبات جارێکی دیکە دادگای باڵای فیدڕاڵی لەبارەی ئەو سکاڵایانەی لەسەر یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کۆرسی کۆتاکان تۆمارکراون کۆببێتەوە، ئەگەر بێت و جارێکی دیکە پرۆسەکە دوابخرێت ئەوە کاریگەری نەرێنی لەسەر پرۆسەی ھەڵبژاردن دەبێت، چونکە دەبێتە ھۆی دواکەوتنی زیاتری پرۆسەکە.
سارا دڵشاد دەڵێت: ئەگەر سبەی دادگا سکاڵاکانی یەکلاکردەوە ئەوە بەرچاوی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق و سەرۆکایەتی ھەرێم و لایەنەکان ڕوون دەبێت کە ھەڵبژاردن لەکاتی خۆی بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئەگەر زیاتر دواکەوت و دادگا یەکلای نەکردەوە ئەوە کارێکی باش نابێت.
لەبارەی دەستکاری کۆرسی کۆتاکانیش سارا دڵشاد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد:” تەمەنا دەکەین سبەی دادگای فیدڕاڵی بڕیارێکی عادیلانە بدات لەسەر کورسی پێکهاتەکان، بەتایبەتی پێکھاتەی تورکومان، چونکە بێبەش کردنی پێکھاتەیەکی سەرەکی و ڕەسەنی ھەرێمی کوردستان پرۆسەی دیموکراسی دەخاتە ژێر پرسیارەوە، ئێمە چاوەڕێی بڕیاری دادگاین و پێش ڕووداوەکە ناکەوین، بەڵام ئەگەر بڕیارێک بدرێت لەگەڵ خواست و مافەکانمان نەگونجێت ئەوە بێگومان ھەڵوێستمان دەبێت و ئەوکات بە ئاشکرا ھەڵوێستەکەمان ڕادەگەیەنین.