موڕشید برادۆستی – زاری کرمانجی:
بەشێك لە هاووڵاتییانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، كەلوپەل و پێداویستییان بە قستی مانگانە كڕٍیووە، بەهۆی دواكەوتنی موچە لە لایەن حكومەتی عێراقەوە گرفتی سەرەكیان بۆ دروست بووە و نەیان توانیوە لە كات و ساتی خۆیدا قستەكانیان بگەڕێننەوە.
باوكی رامان هاووڵاتییەكی سنووری سیدەکانە، بۆ زاری كرمانجی گووتی:” ماوەی دوو ساڵە کەل و پەلی نێوماڵمان بە قست کڕیووە، بەهۆی دواکەوتنی موچە نەمان توانیوە قست مانگانە بگەڕینینەوە، ئەمەش گرفتی زۆری بۆ دروست کردووین.
راید عەلی فرۆشیاری پێداویستی و ئامێرە کارەباییەکانی ناوماڵ، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” ساڵانی رابردوو، هاووڵاتییان لە كات و ساتی دیاری كراوی خۆیاندا ئەو بڕە پارەیان دەگەڕاندەوە كە پێداویستی نێوماڵیان لای ئێمە بە قست بردبوو، بەڵام ماوەیەكە كە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە موچەی فەرمانبەرانی كوردستان رەوانە دەكرێت، بەهۆی دواكەوتنی موچە گرفتی زۆر بۆ ئێمەش دروست بووە و زۆر جار لە گەڵ كڕیارەكانمان كێشەمان بۆ دروست دەبێت .
زیاتر گووتی:” ئێمەش زۆربەی كات كەل و پەل و پێداویستی پێشانگەكەمان لە كۆمپانیا بە قست دەهێنین، ئەگەر كڕیارانمان قستەكانمان نەگەڕێننەوە، ئێمەش تووشی گرفت دەبین.
گووتیشی:” کاتی مانگانە ئەوانە ئاگادار دەکەینەوە کە کەل و پەلیان بردووە، قستەکانیان بگەڕێننەوە بەشی زۆری بە بیانووی دواکەتنی موچە و خەرجی زۆر قستەکانیان ناگەڕێننەوە، لە کاتێکدا بۆ ماوەی یەک ساڵ بردوویەتی دووساڵ دواکەتووە لە گەڕاندنەوەی قست هێشتا ئامادە نییە بیگەڕێنێتەوە، ئومێد دەکەین لەم ساڵدا بە پاڵپشتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرفتی دواکەوتنی موچەی فەرمانبەرانی کوردستان چارەسەر بکرێت.