سەرۆكی لقی ھەولێری یەكێتی مامۆستایانی كوردستان گوتی: دوو گرێبەستمان وەكو ھاوكاری و خزمەتكردنی چینی مامۆستا ئەنجامداوە یەكێكیان ئۆتۆمبێل بە قیست بە مامۆستا دەدرێت، ئەوەی دیكەیشیان لەگەڵ تاقیگەیەكە و لە پشكنین داشكاندن بۆ مامۆستایان دەكرێت.
عیسا حوسێن عەزیز، سەرۆكی لقی ھەولێری یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، گوتی: گرێبەستێكی تازەمان لەگەڵ تاقیگەی میدلاین لە ھەولێر ئەنجامداوە، بۆ ئەوەی ھەر مامۆستایەك بۆ پشكنینی نەخۆشی بچێت سەردانی ئەوان بكات لە كۆی گشتی پشكنین ٣٠% داشكاندنیان بۆ بكات، لەبەر ئەوەی ئێستا دۆخی دارایی باش نییە و ئێمەش دەمانەوێت كارێك بكەین خزمەتی چینی ماموستایان بكرێت، بۆیە ھەركارێكی دیكە بزانین لە خزمەت مامۆستایاندایە ئەنجامی دەدەین.
عیسا حوسێن عەزیز گوتیشی: مامۆستایان تەنیا ناسنامەی یەكێتی ماموستایانیان پێبیت تاقیگەكە ئەو داشكاندنەیان بۆ دەكات.
دەشڵێت: پێشتر گرێبەستمان لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئۆتۆمبێلیش كردووە بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێل بە قیست بدرێتە ماموستا و قیستەكەشی لەسەر مووچە بێت، تا ئێستا پشتگیریمان بە ٥٠ مامۆستا دایە بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێل لە كۆمپانیا ڕابكێشن، بەڵام ئێستا بەھۆی خراپی دۆخی دارایی ماموستا كەمتر دەچن كڕینی ئۆتۆمبێل بە قیست.