زاری كرمانجی-سۆران:
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەی ساردترین شوێن حاجی ئۆمەرانە بە یەک پلە و گەرمترینیش گەرمیانە بە 23 پلەی سیلیزی. کەشناسێکیش دەڵێت، ئەمڕۆ بارانی کەم تەنیا لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و کەرکووک دەبارێت و رۆژی چوارشەممە شەپۆلێکی گشتگیر ناوچەکە دەگرێتەوە.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، “ئەمڕۆ شەممە ئاسمان هەور بۆ نیمچەهەور دەبێت و نمەبارانی پچڕ پچڕ لە هەندێک ناوچەی باشووری هەرێمی کوردستان دەبارێت”.
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ باران لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و کەرکووک “زۆر بە لاوازی” دەبارێت و لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک نابارێت.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت.
ئاراس جەبار ئاماژەی بەوە کرد، چوارشەممەی داهاتوو شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و رۆژانی پێنجشەممە و هەینی چەقی شەپۆلەکە دەبێت و بارانی “زۆر باش دەبارێت”.
ئەو شەپۆلەی ئاراس جەبار باسی دەکات، تاوەکو 18ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و لەکاتی شەپۆلەکەدا پلەی گەرما سێ بۆ چوار پلە دادەبەزێت.
لە راگەیێندراوەکەیدا، کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پلەی گەرمای ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ یەک بۆ دوو پلە بەرزبووەتەوە و سبەی یەکشەممەش بەراورد بە ئەمڕۆ یەک بۆ دوو پلەی دیکە بەرز دەبێتەوە.
بەرزترین پلەی گەرما سبەی لە باشووری کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
هەولێر؛ 20 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 19 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 19 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 21 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 19 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 19 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 18 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 1 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 23 پلەی سیلیزی