مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕێكخراوێكی ئەمەریكی تایبەت بە بواری مافەكانی مرۆڤ كە كار لەسەر بە دۆكیۆمێنت كردن و بە داتا كردنی بۆردوومان و هێرشەكانی توركیا و ئێران لە هەرێمی كوردستان دەكات، ڕادەگەیەنێت ساڵی ڕابردوو توركیا و ئێران 1649 جار خاكی هەرێمی كوردستانیان بۆردوومان كردووە.
ڕێكخراوی سی پی تی ئەمەریكی “تیمە ئاشتیخوازەكانی كۆمەڵگە” ڕادەگەیەنێت ساڵی 2023، توركیا و ئێران 1649 جار لە ڕێگەی فڕۆكەی جەنگی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و مووشەك خاكی هەرێمی كوردستانیان بۆردوومان كردووە و بەو هۆیەوە 24 هاووڵاتی مەدەنی بوونەتە قوربانی و زیاتر لە 600 گوندیش مەترسی چۆڵبوونیان هەیە.
سەرچاوەیەك لە ڕێكخراوی ناوبراو بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند “لە ساڵی 2023، توركیا 1548 جار بۆردوومانی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستانی كردووە و زۆرینەی بۆردوومانەكان لە ڕێگای فڕۆكەی جەنگییەوە بووە كە ژمارەیان 1159 هێرش بووە، هەروەها 228 جاریش بۆردوومانەكان بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بووە، ئەوانی دیكەی بە هەلیكۆپتەر و تۆپباران و تەقەكردنەوە بووە، وڵاتی ئێرانیش 101 جار بۆردوومانی خاكی هەرێمی كوردستانی كردووە.”
بەشێكی زۆر لە گوندنشینانی ناوچە سنوورییەكان، لە ترسی سووڕانەوەی بەردەوامی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، ناتوانن كشتوكاڵ و ئاژەڵداری بكەن.
توركیا و ئێران ماوەی چەندین ساڵە بە بیانووی بوونی چەكدارانی pkk و هێزە كوردییەكانی رۆژهەڵات، ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان بۆردوومان دەكەن.
ڕێكخراوی سی پی تی، ئەوەشی خستە ڕوو لە ساڵی 2015 ەوە تا سەرەتای ساڵی 2024، لە ئەنجامی بۆردوومانە بەردەوامەكانی هەر دوو وڵات، 150 هاووڵاتی مەدەنی لە ماوەی ئەو نۆ ساڵەدا گیانیان لەدەستدا و 228 ی دیكەش برینداربوونە.