قەدریە مەحموود شێروانی
دەڤەری بارزان دەكەوێتە سەر سنووری توركیا، پڕە لە چیا، گرد، كانیاو و ئاوی سازگار و لە چەند گوند پێكهاتووە.
شوێنێكی دڵڕفێنی بەناوبانگە لەڕووی سەوزایی و ئاو و هەواكەی لەبار و شیاوە بۆ ئاژەڵ و باڵندەی كێوی وەك “بزن، كەو و پۆڕ و چەندان ئاژەڵ و باڵندەی تر. ئەمەش وا دەكات، جگە لە دارە جوان و سەوزایییەكان، ئاو و كانیاوەكان، دەڤەرەكە ڕازاوەتر و سەرنج ڕاكێش تر ببێت.
سەردەمانێك بە بیانووی هەبوونی پێشمەرگە لە دەڤەرەكە، رژێمی بەعس دەستی كرد بە ئاوارەكردنی گوندنشینان، تێكدانی گوند، بڕینەوە و ئاگربەردان لە دارەكان. لە سەوزاییەكانی شاخەكان لەناوبردنی دارەكان هەر بە ئەوەش نەوەستا، دەستیكرد بە بردنی ئاژەڵە كێوییەكانی وەك؛ بزنەكێوی و كەو، ئازادكردنی راوكردن لەم ناوچەیە، ئەمەش بووە هۆی تێكدانی جوانی سروشتی ئەم دەڤەرە بە جارێك، ئاژەڵەكان و پەلەوەرەكان لە ناو بچێت.
لەدوای راپەڕینی بەرخودانی پێشمەرگە دڵسۆزەكان و هاووڵاتییان بەیەكەوە و ئازادبوونی كوردستان. لە بەهاری ساڵی 1991 بەدواوە شێخەكانی بارزانی دەستیان كرد بە دانانی كۆمەڵە یاسایەك بەناوی ژینگەپارێزی بۆ دەڤەرەكە.
ئەمەش وایكرد، دار و سەوزاییەكان و ژمارەی ئاژەڵەكان روو لە زیادبوون بكەنەوەو جوانی بگەڕێتەوە بۆ ژینگە و سروشتی دەڤەرەكە.
ئەم یاسایی شێخەكانی بارزان دایاننا، بەم شێوەیە بوو زیندانی كردنی ڕاوچییەكان كە لە شەش مانگ كەمتر نەبێت و لە ساڵێك زیاتر نەبێت، هەروەها بە پێبژاردن كە لە ملیۆنێك دینار كەمتر نەبێت و لە دوو ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
لە بەشێكی یاساكە هاتووە “راوكردنی هەریەكە لە بزنە كێوی و كەو بەهیچ شێوەیەك رێگەپێدراو نییە. بۆ راوەماسیش، دوای ئەو ماوەیەی دانراوە كە مانگی شەشە، ئینجا رێگەپدران بە راوچییەكان دەدرێت بڕۆنە راوەماسی ئەمەش بە مەرجی بەكارنەهێنانی كەلوپەلە تەقەمەنییەكان، تەنها بە تۆڕ و قولاب راوەماسی رێگەپێدراوە و بێچووە ماسییەكانیش دەبێت ئازاد بكرێن.