زارى کرمانجى:
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گووتى “تا ئێستاش عێراق پێویستی بە توانا سەربازیی و هەواڵگیرییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان هەیە، چونکە داعش هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەر وڵاتەکە“.
ئەمڕۆ شەممە، 10ى شوباتى 2024، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند “دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق تەنها تاوتوێکردنی پێشێلکارییەکانی سەر سەروەریی خاکی عێراقە، دیار نییە هیچ بڕیارێکی لێوە دەدرێت یان نا”.
ئاماژەى بەوەشکردووە “هێزەکانی ئەمەریکا لەسەر داوای حکومەتی عێراق هاتوون و ئەگەر بڕیارێکیش بۆ چوونەدەرەوەیان بدرێت، پێویستە حکومەتی فیدراڵی بیدات و، هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتیش پاڵپشتیی بکات”.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی پتر روونیکردۆتەوە “عێراق پێویستی بە توانا سەربازیی و هەواڵگیرییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان هەیە. لەوانەیە چوونەدەرەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، جارێکی دیکە بارودۆخی وڵاتەکە ئاڵۆز بکات، چونکە عێراق لە رووی ئەمنییەوە سەقامگیری بەخۆیەوە نەبینیوە و تاوەکو ئێستا داعش هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکە”.