مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ماوەی یازدە ڕۆژ دوو قوتابی كچ لە ڕێگەی چوون بۆ قوتابخانە دیار نەماون، خەڵكی ناوچەكەش بەرپرسانی ئەمنی بە هۆكاری دیار نەمانی ئەو دوو كچە لاوە دەزانن.
ئایدە موراد بەهرۆزی و هەستی محەممەد حوسێنی، كاتژمێر 12 ی نیوەڕۆ لە شاری قەزوین ی ئێران لە ماڵەوە دێنە دەر بە مەبەستی چوون بۆ قوتابخانە، لە ڕێگا ون دەبن و تا ئێستا چارەنووسی ئەو دوو قوتابییە دیار نییە.
بەپێی سەرچاوە هەواڵییەكانی ناوچەكە، خانەوادەی ئەو دوو قوتابییە نیگەرانن لە دیار نەمانی كچەكانیان و چەندین جار پەیوەندییان بە بنكەی پۆلیس و ئیتلاعات و كارگێڕی دادی قەزوین كردووە بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ دیار نەمانی ئەو دوو قوتابییە بكەن، بەڵام ئەوان پێیان ڕاگەیاندوون كە (ناتوانین بیاندۆزینەوە).
بۆیە خەڵكی ناوچەكە دەزگا ئەمنییەكان بە هۆكاری دیار نەمانی ئەو دوو قوتابییە دەزانن، چونكە دایكی ئایدا موراد بەهرۆزی، سوری بابایی چگینی بەندكراوی سیاسی تۆمەتبار بە (هەڵسووڕاوی مافەكانی ژنان و هەڵمەتی حیجابمان ناوێ) ماوەی زیاتر لە ساڵێكە زیندانیكراوە و لەم ماوەیەشدا دادوەری محەممەدییە سەر بە هەرێمی قەزوین بە ناوی فەتحوڵڵا عەلیمحەمەدی بە سوری بابایی چگینی گوتووە: ئەگەر باڵاپۆش بیت و داوای لێبوردن بكەیت و پەشیمانی دەرببڕیت، بەهۆی نەمانی كچەكەتەوە، ئێمە بە بارمتە و پێ بەندەوە ئازادت دەكەین تاكوو بەدوای كچەكەت دا بگەڕێیت.”