مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی داوا لە گەنجان دەكات دەست بە جیهاد بكەن دژی ئەمەریكا و پەیوەندی بە ڕێكخستنەكانی ئەوانەوە بكەن.
دوێنێ هەینی 9ی شوبات، گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە ڕاگەیاندراوێكدا جیهادی دژی ئەمەریكا ڕاگەیاند و داوای لە گەنجان كرد بە زوویی پەیوەندی بە ڕێكخستنەكانیان بكەن بۆ بەشداریكردن لە جیهاد دژ بە سوپای ئەمەریكا و دەركردنیان لەسەر خاكی عێراق.
گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دوای جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی، جەنگی دژ بە ئەمەریكا ڕاگەیاند و چەندین جار لە ڕێگەی مووشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشی كردە سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە ناو خاكی عێراق و سووریا.
لە ڕاگەیاندراوەكەی گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق كە درەنگانی شەوی ڕابردوو بڵاو كرایەوە، داوا لە گەنجان كراوە بۆ جیهاد پەیوەندی بە هێزەكانی مقاوەمەوە بكەن و دەشڵێت “دوژمنی داگیركەر دەستبەرداری خراپكاری و خیانەتەكەی نابێت و جگە لە زمانی چەك لە هیچی تر تێ ناگات، بۆیە داوا لە برایانمان دەكەین بۆ جیهاد پەیوەندی بە هێزەكانمانەوە بكەن.”