زاری كرمانجی – سۆران :
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی وڵاتان كە لەلایەن كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان سەرپەرشتی دەكرێت، باسی لە هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێری پایتەختی كوردستان كرد كە بووە هۆی شەهید كردنی ژمارەیەك لە هاووڵاتی سڤیلی بێتاوان.
د. شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، بە مەبەستی بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی وڵاتان، بە بانگهێشتێكی فەرمی گەیشتە نیویۆرك.
دوێنێ پێنجشەممە 8ی شوبات د. شاخەوان عەبدوڵڵا لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی وڵاتان كە لەلایەن كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان سەرپەرشتی دەكرێت، وتارێكی پێشكەش كرد و ڕاگەیاند “هەڵكشانی ئاستی كێشمەكێش و جەنگە سەربازییەكان و پشێوییەكان لەم ساڵانەی دوایدا، بووەتە مایەی دڵەڕاوكێیەكی گەورە و مەترسییەكی ڕاستەقینە لەسەر ئایندەی گەلان و سەقامگیری وڵاتان.”
لە درێژەی گوتەكەی دا جێگری سەرۆكی پەرلەمان گووتی “ئێمە پێویستمان بە ڕۆڵێكی زیاتر و وەڵامدانەوەیەكی چالاكتر و ئەرێنی هەیە لەنێوان پەرلەمانەكان، وەك دامەزراوەیەكی دەستووری كە ڕەوایەتی یاسایی هەیە، لە دەركردنی بڕیارەكان و پەسەندكردنی ئەو پرۆتۆكۆلانەی كە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و چوونە پاڵ ڕێككەوتنەكان ڕێك دەخات، كە هێزی ئەنجامدانی گرێبەستی هاوبەشی سیاسی، ئابووری و سەربازی دەبەخشێتە حكومەتەكان لەنێوان وڵاتە هاوكارەكاندا.”
شاخەوان عەبدوڵڵا لە بەشێكی تری وتارەكەیدا تیشكی خستە سەر دواین هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر و گووتی “بەردەوامیی دڵەڕاوكێی عێراق شاراوە نییە لاتان، بەهۆی بەردەوامی پێشێلكارییەكانی هەندێك لە وڵاتانی دراوسێ لەسەر سەروەری نیشتمانی، كە دوایینیان بۆردمانی ئێرانی بوو بە مووشەكی بالیستی بۆ سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانی عێراق و شەهیدكردنی ژمارەیەك لە هاووڵاتی سڤیلی بێتاوان.”
شاخەوان عەبدوڵڵا لە دواین گوتەكانی دا داوای لە نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتی پەرلەمانی نێودەوڵەتی كرد، بەرپرسیارێتی خۆی پیادە بكات، لە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێو دەڵەتی و وەستان لەپاڵ عێراق و ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی دوژمنكارییە سەربازییەكان، بەو پێیەی لە كاتی بەردەوامبوونیدا، دۆخەكە ئاڵۆز دەكات و ڕووبەرێكی فراوانتر بۆ قەیران و ململانێكان دەخووڵقێنێ.