جبار عبداللە
کورد لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا ئەوەی بۆی ماوەتەوە تەنها زوڵم و ستەم بووە، حاکمە یەک لەدوایەکەکان لەو وڵاتەدا کوردیان پێ قبوڵ نەبووە وەکو گەلێکی ئازادی خوازو ماف خوراو لەچوارچێوەی ئەو دەوڵەتەدا، دەوڵەتداری و حکومڕانی پێویستی بەدادپەروەری و عەدالەتە لەنێوان گشت پێکهاتەکان بێ جیاوازی، ئەوەی ئیستا حکومەتی عیراق دەرحەق بەگەلی کورد پیادە دەکات زوڵمێکی ترە کە ڕژێمی بەعسی فاشیزم دێنێتەوە بیرمان.
هەر لەکۆنەوە پیشەیان غەدربووە لە گەلی کورد، ئەو دۆخەی ئیستا هاتۆتەپێش پیلانێکە کەزۆر لەمێژە سیاسیەکانی عێراق کاری لەسەر دەکەن بۆ ناچارکردنی کورد کەخۆی بدات بەدەستەوە، یەکێک لە سیاسیە عیراقیەکان وەک پەرلەمنتارێک لەخولی پێشوو لەکەناڵێکی ناوخۆیی ڕایگەیاند بۆ بەهێزبوونی حکومەتی عێراق پێویستە هەوڵبدەین لەڕێگای دادگای فیدڕالیەوە دەسهەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لاوازبکەین تاکو ئێمە بەهێزتر دەربکەین.
حکومەتی عێراق ئەو ئازادی و پێشکەوتنەی لەکوردستان لەساڵانی ڕابردوو تاکو ئیستا بەدیهاتووە دەیانەوێت لەناوی بەرن کەبەخوێنی هەزاران ڕۆڵەی ئەو میللەتە هاتۆتەدی، لەهەموو ڕوێکەوە دوژمنایەتی کورد دەکەن هەرچی کورد دەستی بۆ ببات ئەوان لەدژی دەوەستنەوە، ڕیفراندۆممان ئەنجامدا کەمافێکی شەرعی خۆمان بوو وەکو گەلانی جیهان بەئازادی و سەربەستی بژین و سنورێکی تایبەتمان بەخۆمان هەبێت ئێوە لەدژی وەستانەوە سەربەخۆیی ئابوریمان ڕاگەیاند ئێوە گوتتان دژایەتی دەستوری عیراق دەکەن، داوای بودجەو موچەی فەرمانبەران دەکەین ئاستەنگ و بەربەست لەبەردەمیدا دروست دەکەن، بۆ خۆسەپاندن و لەناوبردنی دەسکەوتەکانی گەلی کورد پێویستە خودا لەگەڵتان بێت نەک پشت ببەستن بەدەوڵەتێک کەساڵانێک بوو دژی دەوڵەتی عیراقی لەشەڕدابووە، ئەگەر وەفاتان هەبوایە بۆ خوێنی ڕۆڵەکانتان هیچ کات دەستتان تێکەڵ نەدەکرد لەگەڵ ئەو خوێنمژانە.
بەڵام دیارە ئێوە لەژێر ڕۆشنایی ئەو دەوڵەتە سیاسەت دەکەن و وەکو پاشکۆی ئەو دەوڵەتە ڕەفتار دەکەن لەناوچەکەدا وەک ئەوەی کە ئەو خاکە بەتاپۆو سەنەت هی دەوڵەتی ئێران بێت، بەردەوام بوونی ئەو جۆرە سیاسەتە کەئیستا لەناوچەکەدا بوونی هەیە بەتایبەتی وڵاتی عیراق نەک کاریگەری تەنها بۆسەر کورد دەبێت بەڵکو دەرهاوێشتەی ئەو سیاستە ڕەنگدانەوەی بەسەر هەموو گەلی عیراق دەبێت بەتایبەتی عەرەبی سونەو تێکچونی نێوماڵی شیعەکان، ئەوەی لەئیستادا دەبێتە هۆکارێک بۆ لەباربردنی ئەو دۆخە نەخوازراوە کەلەلایەن حکومەتی عیراق پیادە دەکرێت لاوانی ئێمەن کەبەمتمانەیێکی گەورەوە ڕووبەڕوی ئەو تەحەدیانە ببنەوە بۆ لەباربردنی ئەو پیلانە گڵاوەی کەبەنیازن بەئامانجی بگەینن بەیارمەتی دوژمنانی ناوخۆیی و دەرەکی.