وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:
كۆبوونەوەیەكی گرنگمان لەگەڵ یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی توركیا ساز كرد، داوامان چیتر هەرێمی كوردستان بۆ یەكلاكردنەوەی كێشە دەرەكییەكان بەكار نەهێندرێت”.
رێبەر ئەحمەد، ئەمڕۆ چوارشەمە 7-2-2024، دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری بەرگری توركیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی باسی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی كرد و گووتی ” كۆبوونەوەیەكی گرنگمان لەگەڵ یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی توركیا ساز كرد، باسمان لە پێوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا كرد”.
وەزیری ناوخۆ گووتیشی ” داوامان كردووە هەڕەشە و مەترسییەكان لەسەر هەرێمی كوردستان كەم بكرێنەوە و سنوورەكانیش سەقامگیرییان بۆ بگەڕێتەوە، هاوكات چیتر هەرێمی كوردستان بۆ یەكلاكردنەوەی كێشە دەرەكییەكان بەكار نەهێندرێت”.
رێبەری ئەحمەد روونیشیكردەوە ” وەزیری بەرگریی توركیا لەكاتی سەردانی بۆ بەغداش باسی لە هاوئاهەنگی و پێوەندییەكانی نێوان عێراق و توركیا كرد، بۆ ئەوەی زیاتر بەرەو پێش بچێت و لەسەر سنوورەكانی نێوانیان سەقامگیرییەكی باشتر هەبێت”.