بەپێی پێشبینییەكانی شارەزایەكی بواری كەشناسی شەپۆڵێكی بەهێزی بارانبارینی بەخوڕ و هەورە بروسكەی تووند كە تەزرە هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە، لەگەڵ بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییەكان.
هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری كەشناسی، ئەمشەو 7-2-2024 بڵاوی كردەوە كە :”بەگوێرەی نوێترین ئاپدێتی سەنتەری كەشناسی ئەورووپی ECMWF و سەنتەری كەشناسی ئەمریكی GFS پپێشبینی دەكرێت لە كۆتایی هەفتەی داهاتوو بە دیاریكراوی لە رۆژی سێشەممە لەسەر چوارشەممە لە ئەنجامی یەكگرتن و بەیەكگەیشتنی دوو نزمە پەستان كە یەكەمیان سەرچاوەكەی ناوچەكانی دەریای سپی ناوەڕاستە، دووەمیان لە ئەنجامی هاتنی شێ (مەداری) كە سەرچاوەكەی دەریای سوور و دەریای عەرەبە شەپۆڵێكی زۆر بەهێزی بارانبارینی بەخوڕ و هەورە بروسكە و تەزرە سەرتاسەری ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی باشوورو ناوەڕاست و ڕۆژئاوای عێراق بگرێتەوە و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك بەردەوام دەبێت.”
ئەم كەشناسە زیاتر روونیكردۆتەوە “ئاماژەكانی كەشوهەوا ئەوە نیشان دەدات كە ئەگەر شەپۆلەكە گۆڕانكاریی بەسەردا نەیەت و بەم شێوەیە بە بەهێزی بمێنێتەوە، لە زۆرێك لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بەهۆی زۆر بارانبارینی بەخوڕ مەترسی دروستبوونی لافاو لە شوێنە نزمەكان چەم و دۆڵەكان هەیە.”
هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، جیاوازی ئەم شەپۆڵەی بارانبارینە و ئەوانی رابردوو دەخاتەروو، دەنووسێت “جیاوازی ئەم شەپۆلی بارانبارینە لەگەڵ شەپۆلەكانی ڕابردوو ئەوەیە ڕێژەی بارانبارین زیاتر دەبێت و بەفری كەمتر لەگەڵدایە، لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەكانیش بەفر دەبارێت.”