مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دەركەوتنەوەی سەرۆك كۆماری پێشووی ئێران بە دەموچاوێكی ئاوساوەوە، دوای دیار نەمانی بۆ ماوەی زیاتر لە چوار مانگ، قسەوباسی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا.
مەحموود ئەحمەدی نەژاد دوای ماوەیەك لە ونبوونی لەسەر گۆڕی خومەینی لە باشووری تاران دەركەوتەوە، وێنەكانی دەموچاوێكی ئاوساو و ڕوخسارێكی شێواویی سەرۆك كۆماری پێشووی ئێران لە نێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كاردانەوە و دەنگۆی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا.
ئەم دەنگۆیانە مەحموود ئەحمەدی نەژادی ناچار كرد لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئینستاگرام پەیامێك بڵاو بكاتەوە و هۆكاری تێكچوونی ڕوخسارەكەی بگەڕێنێتەوە بۆ نەشتەرگەریی پێڵووەكانی چاوی و شین و مۆر هەڵگڕانی دهم و چاوى .
ئەمە یەكەم دەركەوتنی ئەحمەدی نەژادە دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە پێنجی مانگی تشرینی یەكەمی ڕابردوودا دەستیان بەسەر پاسپۆرتەكەیدا گرت، پێش ئەوەی گەشتی گواتیمالا بكات.