مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
كۆڵبەرێك بە هۆی بەستەڵەك و گیرخواردن لەناو بەفر، لە سنوورەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان گیانی لەدەستدا.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 7ـى شوبات كۆڵبەرێك بە ناوی (فەرید ڕوبینا) دانیشتووی گوندی (چالیسور) ی مەریوانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، دوای حەوت كاتژمێر مانەوە لە نێو بەفر و بەستەڵەكی یەكێك لە شاخەكانی ناوچەكە، تەرمەكەی لەلایەن خەڵكی گوندی ئەنجیران و هێزەكانی فریاكەوتنی نەخۆشخانەی مەریوان دۆزرایەوە.
سەرچاوە هەواڵییەكانی ناوچەكە ئاماژە بەوە دەكەن فەرید ماوەی 20 ڕۆژ بوو هاوسەرگیری كردووە و بە مەبەستی باشتركردنی ژیانی ڕووی لە كۆڵبەری كردبوو.
بەپێی ئامارێكی كۆڵبەر نیووز لە ساڵی 2023 بە گشتی ٢٩٩ كۆڵبەر لە سنوورەكان و ڕێگای نێوان پارێزگاكانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، كوردستان و كرماشان، بە هۆكارەكانی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی ئێران، هەرەسی ڕەنوو، بەستەڵەك، تەقینەوەی مین، كەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزایی و حاڵەتی دیكە، 32 كۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە و 267 ی تریشیان برینداربوون.