مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق داوا لە وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەكات بە بڕیاری سەپاندنی سزا بەسەر ٧ بانكدا بچێتەوە.
فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری كاروباری دەرەوە، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە پێگەیشتووە، لە پەیوەندییەكەدا هەردوولا باسیان لە دیارترین پێشهاتەكان و پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان و بەرژەوەندی هاوبەش و دواین هێرشەكانی ئەمەریكا بۆ سەر چەند بنكەیەكی چەكداری لە ناو خاكی عێراق و گرنگی كاركردن بۆ بەهێزكردنی هاوبەشی ستراتیژی نێوان هەر دوو وڵات و بەردەوامیی هەماهەنگی و ڕاوێژكاری لە ماوەی داهاتوودا بۆ پەیڕەوكردنی ڕێگاكانی هەنگاوی هاوبەش بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە پەرەسەندووەكانی ناوچەكە كردەوە.
هاوكات فوئاد حوسێن لەسەر ئەو سزایانەی كە لەم دوایانەدا گەنجینەی ئەمریكا بەسەر حەوت بانكی عێراقیدا سەپاندووە، بە فەرمی داوای لە وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كرد چاوخشاندنەوە بە بڕیارەكەی گەنجینەی ئەمەریكا لەسەر ئەو پرسە بكرێتەوە و دەڵێ “ئەو بانكانە ڕۆڵێكی گرنگ و سەرەكییان هەیە لە دابینكردنی پارەی خەرجییەكانی كارتی بەشەخۆراك و دابینكردنی سەبەتەی خۆراك بۆ ئەو خێزانە عێراقییانەی كە داهاتیان سنووردارە،”
هەر لە درێژەی پەیوەندییەكەدا ئەنتۆنی بلینكن حەزی خۆی دەربڕی بۆ درێژەدان بە كارە هاوبەشەكان و پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا، هەروەها پاڵپشتی حكومەتی عێراق لە بوارە جیاجیاكان بەتایبەتی لە بواری هاریكاری ئابووریدا دەربڕی.