زارى کرمانجى-ڕواندز:
لە سەرەتاى دەستپێکردنەوەى وەرزى گەشتیاریى، هەموو ئەو شوێنانەى مۆڵەتییان نییە، دەبێت پابەندى ڕێنماییەکان بن و مۆڵەتى گەشتیاریى دەربێنن.
پارێز یوسف سۆفى عەلى، بەڕێوەبەرى گەشتوگوزارى ڕواندز بۆ زارى کرمانجى گووتى ” ئێستا زۆربەى شوێنە گەشتیارییەکان داخراون و کار ناکەن، بە تایبەت ئەوانەى شوێنى مانەوەیان نییە بۆ گەشتیاران لە وەرزى زستان، بەڵام لە سەرەتاى دەستپێکردنەوەى وەرزى گەشتیاریى، دەستدەکەین بە سەرژمێریکردنى شوێنە گەشتیارییەکان، بە تایبەت ئەوانەى مۆڵەتییان نییە ئاگادار دەکرێنەوە، بۆ ئەوەى پابەندى ڕێنماییەکانى گەشتیاریى بن و مۆڵەت دەربێنن”.
هەروەها گووتیشى ” لە سنوورى قەزاى ڕواندز لە شارەدیێ وەرتێ، گەلى ئاکۆیان، جوندیان و هاوینەهەوارى بێخال، بەشێک لە شوێنە گەشتیارییەکان تا ئێستا مۆڵەتییان نییە، لە داهاتوو هەوڵدەدەین بەپێى ڕێنماییەکانى گەشتیاریى، تەواوى شوێنەکان مۆڵەتییان هەبێت”.
پێشتر بەپێى بەدواداچوونێکى زارى کرمانجى، زیاتر لە 150 شوێنى گەشتیاریى لە سنوورى قەزاى ڕواندز تا ئێستا مۆڵەتى گەشتیارییان نییە.