مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
میدیا و پلاتفۆرمەكانی توركیا چەند گرتە ڤیدیۆیییەكان بڵاو كردەوە، كە چەند چەكدارێك لەبەردەم دادگەی چاغڵەیانی لە ئیستەنبوڵ تەقە لە هاووڵاتییان دەكەن.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ 6ی شوبات، هێرشێكی چەكدارییە كرایە سەر دادگەی چاغڵەیانی ئیستەنبوڵ، لەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاو كراونەتەوە، پیاوێكی چەكدار لە خاڵێكی دەروازەی كۆشكی دادگاكە تەقە دەكات و ڕووبەڕووی پۆلیس دەبێتەوە، دواتر لەلایەن پۆلیسەوە دەكوژرێت و دوای ئەوە ئافرەتێكی تری چەكدار پێشڕەوی دەكات و بەرەو هەمان خاڵ تەقە لە پۆلیس دەكات.
بەپێی سەرچاوە هەواڵییەكانی ناوچەكە، پێشتر دوو كەسی تر تەقەیان بەرەو ڕووی دادگاكە كردووە و سێ ئەفسەری پۆلیسی توركیان بریندار كردووە.
عەلی یەرلیكا، وەزیری ناوخۆی توركیا لەسەر پلاتفۆرمی “X” ڕاگەیاند “ژن و پیاوێكی نەناسراو تەقەیان لە بازگەیەكی ئەمنی كردووە لە دەروازەی C لە كۆشكی دادی چاغلایان لە ئیستەنبوڵ.”
لەم هێرشەدا هەر وەكوو سەرچاوەكان باسی دەكەن دوو لە هێرشبەرەكان كوژراون و 6 كەسی تریش بریندارن.