مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
هاووڵاتییان گلەییان لە خراپی لەتكەنۆكی بەشە خۆراكی مانگانە هەیە و بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم دەڵێ چەندین جار داوامان لە بەغدا كردووە لەتكەنۆك بگۆڕن بۆ فاسۆلیا نەیانكردووە.
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم ڕاگەیاند “ساڵی ڕابردوو تەنیا دوو جار فاسۆلیا لەگەڵ بەشە خۆراكی مانگانە هاتووە و دابەشكراوە بەسەر هاووڵاتییان،”
دەشڵێت “بەشی زۆری هاووڵاتییان فاسۆلیا بەكار دەهێنن و چەند جارێك داوامان لە بەغدا كردووە تا لەتكەنۆك بگۆڕن بۆ فاسۆلیا نەیانكردووە.”
بەشێك لە هاووڵاتییان ئامادە نین بەشە خۆراكی خۆیان وەربگرن و ڕاستەوخۆ دەیفرۆشنەوە، بۆیە نەوزاد شێخ كامیل داوایەك ئاراستەی هاووڵاتییان دەكات و دەڵێت “ماددەكانی بەشە خۆراك باش و كوالێتین، پێویستە بەكاری بهێنن، هەروەها ئەو برنجەی دابەش دەكرێت زۆر لە برنجی بازاڕ بەهای خۆراكی تێدایە و بەسوودترە.”