سەردار قازی ـ زاری كرمانجی:
زیاتر لەمانگێك ماوە بۆ دەسپێكردنی ركابەری خولی یانە پلە یەكەكانی كوردستان، ئامادەسازی یانەی رواندز بەردەوامی هەیە، و هێنانی دوو یاریزانی نوێی راگەیاند.
لەپێگەی فەرمی یانەكە بڵاوكراوەتەوە، كە گەیشتوونەتە رێككەوتن لەگەڵ ئەستێرەی وەرزی رابردووی یانەی بروسك، هێمن عەلی. ئەو هێرشبەرە وەرزی رابردوو لەگەڵ یانەكەی پایتەخت درەوشایەوە، و ئەم وەرزەش زیادەیەكی گرنگی هێڵی پێشەوەی سوپای نیهاد موراد دەبێت.
لەهەمانكاتدا هیوا بایەزیدی، یاریزانی هێڵی بەرگری پێشووی یانەی سۆران، یەكێكی تری گرێبەستە نوێیەكانی رواندزە. هیوا، وەرزی رابردوو ئەزموونی یانە نایابەكانی تاقیكردوەتەوە، و ئەم وەرزەش لەریزی یانە هاوسنوورەكەی سۆران یاریی دەكات.
باس لەوەش دەكرێت، كە لەرۆژانی داهاتوو چەند یاریزانێكی دیكەی گرنگ درێسی رواندز بەرز دەكەنەوە.