ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند” ناردنی بڕی 618 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان، قەرز نییە و بەشێوەی مانگانە بەردەوام دەبێت.”
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە كردووە” لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا پڕۆژەیاسای هەمواركردنەوەی یاسای بودجە لەلایەن حكوومەتی فیدراڵەوە ڕەوانەی پەرلەمان دەكرێت. كە پڕۆژەی هەمواركردنەوەكە ڕەوانەی پەرلەمان كرا، كاتێكی زۆری پێ ناچێت، رەنگە كەمتر لە مانگێك لە پەرلەمان تێدەپەڕێت”.
لە لای خۆشیەوە نەرمین مەعرووف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای كرد” بڕیارە هەفتەی ئایندە حكوومەت یاسای بودجە رەوانەی پەرلەمانی بكات، تا ئەوكاتەیش ئەو پڕۆژەیە دێتە پەرلەمان و دەبێتە یاسا، حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە مانگانە 618 ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت، ئەم بڕە پارەیەش لە چوارچێوەی پشكی هەرێمە كە ڕێژەكەی 12.67% ئەو ڕێژەیەش جێگیرە”.
ئەو پەرلەمانتارە روونیكردەوە” بەهەمواركردنەوەی یاسای بودجە، مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان دەخرێتە خەرجی حاكیمە، بۆ دوو ساڵی ئایندە كێشەی مووچە لە هەرێمی كوردستان نامێنێت و هەموو مانگێك مووچەخۆران مووچەكانیان لە كاتی خۆیدا وەردەگرن”.