زاری كرمانجی-سۆران:
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران، ئاشكرای دەكات، بڕیاری قەدەخەكردنی چەكی بێ مۆڵەت و داخستنی بازاڕی چەك فرۆشان كاریگەر بووە لەسەر كەمكردنەوەی ڕێژەی تاوان لە ئیدارەی سۆران.
مقەدەم شەماڵ دێواری، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” دوای بڕیاری قەدەخەكردنی چەكی بێ مۆڵەت و داخستنی شوێنی چەك فرۆشان، تا ئێستا هەڵمەتەكە بەردەوامی هەیە لە سنووری هەر چوار قەزاكانی ئیدارەی سۆران و دەست بەسەر بڕێكی زۆری ئەو جۆرە چەك و كەرستانە داگیراوە كە قەدەخە كراون”. هەروەها وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران، ئاشكراشی دەكات: ” بڕیاری قەدەخەكردنی چەكی بێ مۆڵەت و داخستنی ئەو شوێنانەی مامەڵەی كڕین و فرۆشتنی چەكیان لێ دەكرا، كاریگەری زۆری هەبووە لەسەر نەهێشتن و كەمكردنەوەی ڕێژەی تاوان لە سنوورەكەمان بە بەراورد بە پێشووتر”.
سەبارەت بەو شوێنانەی كڕین و فڕۆشتنی كەلوپەلی سەربازیی دەكات، ئاماژەی بەوە دا:” جگە لە فڕۆشتنی جل و بەرگ و هەندێك پێداویستی دیكە، ڕێگە بە هیچ كەسێك نادرێت، چەك یان ئەو كەرستانەی سەربازی كە قەدەخەكراون، كڕین و فرۆشتینان پێوە بكرێت”.