شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕ، دەڵێت” باشترە دایكان و باوكان رێگە بدەن منداڵەكانیان چالاك بن، تەنانەت ئەگەر هەڵەشییان كرد، پێویستە رێگەیان پێبدەن ئەزموونی لێ وەربگرن.
د. محەمەد حەسەن، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكان و گەشەی منداڵان، بە زاری كرمانجی راگەیاند” دایكان و باوكان دەتوانن ببنە هۆكاری سەرەكی بۆ پێگەیاندنی منداڵێكی زیرەك و پێگەیشتوو و هەروەها بە پێچەوانەشەوە، بۆیە پێویستە هەمیشە هەوڵبدەن بەشێوەیەكی هەستیار مامەڵەیان لەگەڵ بكەن و پاڵپشتییان بن و دەرفەتیان پێبدەن.
ئەم پزیشكە دەشڵێت” هەندێك وتەی هەستیار هەن كە هەرگیز نابێ بە منداڵ بگووترێت، بۆ نموونە كاتێك بیەوێت كارێك ئەنجام بدات بە هیچ شێوەیەك دایك و باوك تەنانەت هیچ كەسێك لە ئەندامی خێزانەكەش نابێ پێی بڵێت تۆ ناتوانیت ئەم كارە ئەنجام بدەیت، یاخود لەم كارەدا سەركەوتوو نابیت یان ئەنجامدانی فڵانە ئیش بۆ تۆ ئەستەمە، هەموو ئەمانە منداڵەكە دەڕوخێنن بگرە لە داهاتووشدا كاریگەری نەرێنی لەسەر دەبێت.