مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەرەبەیانی ئەمڕۆ كێڵگەی نەوتی عومەر لە سنووری دێرەزوور بە درۆن كرایە ئامانج و زیاتر لە 20 چەكداری هێزەكانی سووریای دیموكرات بوونە قوربانی.
گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، بەرپرسیاری هێرشەكەی لە ئەستۆ گرتووە و ڕاگەیاند كە بە درۆنی بۆمبڕێژكراو بنكەیەكی سەربازی ئەمریكییان لە ناو خاكی سووریا كردووەتە ئامانج.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ لە بارەی زیانەكانی هێرشەكەوە ڕاگەیاند “شهش چەكداری سەر بە هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) كوژراون و 20 ی تریش بریندارن. كە ئەركی پاراستنی كێڵگەی نەوتی عومەریان لە ئەستۆ دابووە.”
هاوكات ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی سووریای دیموكرات لە ڕاگەیاندراوێكدا هێرشەكەی پشتڕاست كردەوە و دەڵێ “لە هێرشێكی تیرۆریستی و لە ڕێگەی فڕۆكەیەكی بۆمبڕێژكراو كە لە ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی بەكرێگیراوانی ڕژێمی سووریاوە ئاراستەكراوە، ئەكادیمیایەكی مەشق و ڕاهێنانیان لە مەیدانی ئەلعومەر لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر كردە ئامانج و 6 چەكدارمان گیانیان لە دەستداوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەی هێزەكانی سووریای دیموكرات هاتووە “لە كاتێكدا ئێمە ئەم هێرشە تیرۆریستییە شەرمەزار دەكەین، وەڵامدانەوەی سەربازی گونجاو بۆ سەرچاوەی هێرشەكە بە مافی خۆمان دەزانین.”