شەهلا رەشید- سۆران:
رۆژی 4ی شوبات، وەك رۆژی جیهانی شێرپەنجە ناسراوە، لەم رۆژەدا لە سەرتانسەری جیهاندا چالاكی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچێت و هۆشداری تەندروستی بە هاووڵاتییان دەدەن، بەو بۆنەیەوە، بەشی بایلۆجی لە فاكەڵتیی زانست زانكۆی سۆران، هەڵسا بە ئەنجامدانی وۆرك شۆپێك، كە تێیدا چەند پزیشكێكی پسپۆڕ و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر بەشداربوون.
د . گۆران قادر پڕۆفیسۆری یاریدەدەر و توێژەر لە بواری بایلۆجیای شێرپەنجە، بە زاری كرمانجی راگەیاند” ئەمڕۆ لە زانكۆی سۆران بەشداریمانكرد لە رۆژی جیهانی شێرپەنجە، بۆ هۆشیاری دەربارەی ئەم نەخۆشییە كە بریتییە لە تێكچوونی باڵانسی زیادبوونی خانە لە لەش.
ئەم پزیشكە، ئاشكراشی كرد:” شێرپەنجە هۆكاری زۆرن و كاتێك لە بەشی پزیشكییەوە باس دەكرێت ئەوا هۆكارەكە بە تەواوی دیار نییە، بەڵام ئەگەر باسی هۆكارە سەرەكییەكان بكەین پیسبوونی ژینگەیی و بۆماوەییە.
گووتیشی:” رێژەی شێرپەنجە لە بەرزبوونەوەدایە و لەنێوان ئافرەت و پیاوانیش بە جۆرەكە دەگۆڕێت بۆ نموونە ئافرەتان زیاتر تووشی شێرپەنجەی مەمك دەبن، لە هەمان كات پیاوانیش بە زۆری تووشی شێرپەنجەی پڕۆستات دەبن”.
ئەمڕۆ یەكشەممە 4ـی شوباتی 2024، تەندروستی جیهان رایگەیاند، ساڵانە نزیكەی 20 ملیۆنی حاڵەتی تووشبوو بە نەخۆشی شێرپەنجە تۆمار دەكرێت و نزیكەی 10ملیۆن كەس بەو نەخۆشییە دەمرن.
تەندروستی جیهان راشیگەیاند، شێرپەنجەی سییەكان لە پلەی یەكەمدایە كە 12.4%ـی كۆی تووشبووان پێكدەهێنێت، هەروەها شرپەنجەی مەمك لە پلەی دووەمە كە 11.6% دواتر شێرپەنجەی كۆڵۆن و ریخۆڵە و پڕۆستات و گەدە دێن.
زاری كرمانجی ئەمڕۆ دیدارێكی ڤیدیۆی لەگەڵ شارەزا و پسپۆڕێكی نەخۆشی شێرپەنجە بڵاودەكاتەوە .