” رێنمای نوێمان بۆ نەهاتووە بۆ پێدانی پێشینەی خانووبەرە “
موڕشید برادۆستی – سۆران:
فەرهاد جەلال بەڕێوەبەری بانكی خانووبەرەی سۆران، لە دیدارێكی زاری كرمانجیدا، رایگەیاند:” حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2008 تا كۆتایی 2013 دەستی بە پێدانی پێشینەی خانووبەرەی كردووە، تەنها لە سنووری ئیدارەی سۆران نزیكەی 12 هەزار كەس لەو پێشینەیە سود مەند بوونە و لەو ڕێگەیەوە بوونەتە خاوەنی خانووی خۆیان، كە بەشی زۆریان پێشینەكەیان بە هاووڵاتی وەرگرتووە.
بەڕێوەبەری بانكی خانووبەرەی سۆران، دووپاتی كردەوە، پێشینەی خانووبەرە لە نۆ ملیۆن دینار تا 25 ملیۆن دینار بوو، لە كاتی شەڕی داعش و قەیرانی دراییشدا لە ئەگەری نەگەڕاندنەوەی پێشینەكە تا ساڵی 2021 هیچ جۆرە سزایەكی پێ بژاردن ئەژمار نەدەكرا و ئاسانكاری بۆ سودمەندبووان كرا، لەدووای ئەو ماوەیە ئەوانەی پێشینەی خانووبەرەیان بە هاووڵاتی وەرگرتووە بۆیان ئەژمار كراوە، سزای نەگەڕاندنەوەی پێشینە بە یاسا دیاری كراوە و لە كاتی وەرگرتنی پێشینەكەش بۆ سودمەندبووانی هاووڵاتی روونكراوەتەوە، كە لە ساڵی یەكەم ئەگەر قەرزەكە نەگەڕاندەوە 10%ی پارە سزا ئەژمار دەكرێت، ساڵی دووەم بۆ دوو هێندە و ساڵی سێیەم بۆ سێ هێندە.
ئاشكراشی كرد:” ماوەی چەند ساڵێكە ئەوانەی پێشینەی خانووبەرەیان بە هاووڵاتی وەرگرتووە، نەیان گەڕاندۆتەوە، بۆیە سزای پێبژاردنیان بۆ دیاری كراوە، بەشێوەیەك هاووڵاتی هەیە زیاتر لە دوو ملیۆن دیناری تەنها وەك سزا بۆ ئەژمار كراوە، ئەمە جیا لەوەی پارەی پێشینەكەش دیاری كراوە دەبێت ساڵانە بگەڕێنێتەوە، ئێمەش حەز بە وەرگرتنەوەی ئەو بڕە پارەیە ناكەین كە وەك سزا بۆیان دیاری كراوە، بەڵام رێنمای و بڕیارە دەبێت پێوەی پابەند بین، بەڵام ئەوانەی پێشینەكەیان خستۆتە سەر موچە، ئەمساڵیش پێشینەكەیان لێ وەرناگیرێتەوە و تا دۆخی دارایی بەرقەرار نەبێت هیچ بڕیارێك بۆ وەرگرتنەوەی پێشینەیان نییە و سزاش نادرێن.
فەرهاد جەلال بەڕێوەبەری بانكی خانووبەرەی سۆران، روونی كردەوە، بۆ ئەم مەبەستە نوسراومان بۆ ئیدارەی سۆران و وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی وەزیران و تەنانەت پەرلەمانی كوردستانیش كردووە، داوامان كردووە سودمەندبووان لە سزا ببەخشرێن، لە هەمان كات چەند تێبینیەكی دیكەمان هەیە، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێك نەبووە.
بەڕێوەبەری بانكی خانووبەرەی سۆران، گووتیشی:” ئەگەر رێكەوتنی هەولێر و بەغدا وەك خۆی جێبەجێ بكرێت و بوددجە رەوانە بكرێت، ئەوكات پێشینەی خانووبەرە ئەگەری هەیە دەست پێدەكاتەوە، هەرچەندە مامەڵە بۆ وەرگرتنی پێشینە كراوە و داواكارییەكی زۆر پێشكەش كراوە، لەگەڵ دەستپێكردنەوەی پێشینەی خانووبەرە چاوەڕوانی وەزارەت و ئەنجوومەنی وەزیران دەكەین بۆ رێنمایی نوێ، بە شێوەی فەرمی هیچ نوسراوێكمان بۆ نەهاتووە لە بارەی پێدانی پێشینەی خانووبەرە .