مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لە بڕیارێكدا ئەڵمانیا ناردنەوەی پارەی كاش لەلایەن كۆچبەرانەوە بۆ كەسوكارەكانیان قەدەخە دەكات.
میدیای ئەڵمانیا لە زاری دەسەڵاتدارانی وڵاتەكەوە بڵاوی كردووەتەوە، دوای گفتوگۆی نێوان ڕاوێژكار و سەرۆكی ویلایەتە فیدراڵییەكان لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووە، بڕیار دراوە كە ناردنەوەی پارەی كاش لەلایەن كۆچبەرانەوە قەدەخە بكرێت و كارتێكی تایبەتی بانكیی پارەدانیان بۆ دروست بكرێت، كە ناتوانرێت پارەی پێ بگوازرێتەوە بۆ وڵاتەكانیان و هیچ لایەنێكی دیكە، بۆیە لە مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ بڕیاری كۆتایی لەسەر بابەتەكە دراوە و لە هاوینی داهاتوو دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
ستیڤن وێڵ، سەرۆكی ویلایەتی سەكسۆنیا، بۆ میدیایی وڵاتەكەی قسەی كردووە و ڕاگەیاند كە بڕیارێكی لەو جۆرە، ڕێگری دەكات لە پێدانی پارەی كاش بە داواكارانی مافی پەنابەریی.
هاوكات بۆریس ڕێن، سەرۆكی ویلایەتی هیسن، ئەو بڕیاری بە هەنگاوێكی گرنگ زانی بۆ كەمكردنەوەی هاندانەكانی كۆچی نایاسایی بۆ ئەڵمانیا.
بە گشتی نزیكەی 900 هەزار كورد لەو وڵاتە دەژن، كە بەشی زۆریان كوردانی باكوور و باشووری كوردستانن.