سوپای ئیسرائیل تونێلێك دەدۆزێتەوە و دەڵێ پێدەچێت خاڵی فەرماندەیی حەماس بێت
مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
نزیكەی چوار مانگە سوپای ئیسرائیل شەڕ لە سەر خاك و ژێر زەوی كەرتی غەززە دەكات دژ بە چەكدارانی بزووتنەوەی حەماس، ڕۆژ بە ڕۆژ تونێلەكانی حەماس كە بە “میترۆی غەززە” دەناسرێن ئاستەنگ لەبەردەم پێشچوون و سەركەوتنی سوپای ئیسرائیل دروست دەكات، دوێنێ سوپای ئیسرائیل دۆزینەوە و دەسبەسەرداگرتنی گەورەترین تۆنێلی حەماسی ڕاگەیاند كە بەرزكەرەوەی كارەبایی تێدا بەكارهاتووە و بە دەییان ڕێڕەوی تێدایە، ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەكات كە پێدەچێت ئەو تونێلە خاڵی فەرماندەیی و كۆنترۆڵكردن بێت بۆ بزووتنەوەی حەماس.
سوپای ئیسرائیل دوێنێ 3ی شوباتی 2024 ڕایگەیاند، سەربازانی لیوای پێنجی یەدەگ بە هاوكاری هێزی ئاسمانی و یەكەی ئەندازیاری یەهالۆم، كردنەوەی تونێلێكیان تێكشكاند كە بە بەرزكەرەوەی كارەبایی ژێر زەوی تەیار كراوە و پێدەچێت خاڵی فەرماندەیی و كۆنترۆڵكردن بێت بۆ بزووتنەوەی حەماس.

ڕائید ئیدۆ، ئەفسەری ئۆپەراسیۆنەكان لە فەیلەقی ئەندازیاری شەڕی سوپای ئیسرائیل سەبارەت بە تونێلەكانی حەماس دەڵێت “شەڕێكی پارتیزانی كە دوو ڕەهەندی هەیە: یەكەمیان لە سەرووی زەوییەوەیە و دووەمیان لە ژێر زەویدایە، بەڵام بۆ شەڕكردن لەسەر ڕووی زەوی، تۆ دەبێت كۆنترۆڵی ئەو شتانە بكەن كە لە ژێر زەویدا ڕوو دەدەن.”
بەپێی ئەو زانیارییانەی سوپای ئیسرائیل بڵاوی كردووەتەوە حەماس قەڵایەكی فراوانی لە ژێر زەوی دامەزراندووە كە زیاتر لە 1400 تونێل لەخۆدەگرێت، بە مەودای زیاتر لە 500 كیلۆمەتر.
ئیدۆ بوونی تونێلی سروشتی تەكتیكی لە نزیك سنوور كە چەكدارانی بزووتنەوەی حەماس بەكاریان دەهێنا بۆ ئەوەی لەناكاو هێرش بكەنە سەر هەندێك لە هێزەكانمان و زیان بە ڕیزەكانی سەربازەكانمان لە سەرەوە پشتڕاست كردەوە و ئاماژەی بەوەدا كە هەموو “تونێلەكان بەستراوەتەوە بە میترۆی غەززەوە” كە ڕێگە بە تێپەڕبوونی ئۆتۆمبێل و تەقەمەنی و بارمتەكان دەدات.”
سەرەتا تونێلەكان بە مەبەستی قاچاخیكردنی كەلوپەل لە میسرەوە بۆ غەززە لە كاتی یەكەم ڕاپەڕین كە لە نێوان ساڵانی ١٩٨٧ بۆ ١٩٩٣ لە ناوچە داگیركراوەكانی فەلەستین ڕوویدا دروستكراون، لە كاتێكدا لە ماوەی پازدە ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەكی بەرچاو مۆدێرن كراون.

دافنی ڕیشمۆند-باراك، مامۆستای زانكۆی ڕیشمان و نووسەری كتێبی (جەنگی ژێر زەمین) كە لە ساڵی ٢٠١٨دا بڵاوكراوەتەوە، تونێلەكانی حەماس بە “یەكێك لە گەورەترین و ئاڵۆزترین و پێشكەوتووترین تونێلەكان كە لە مێژووی شەڕدا دروستكراوە” وەسف دەكات.
ئەو دەڵێت: “ئەم ژێرخانە (واتە تونێلەكان) هەموو ئەو شتانەی تێدایە كە حەماس پێویستیانە بۆ ئەنجامدانی شەڕەكەی… چ چەك بێت، ناوەندەكانی فەرماندەیی بێت، یان پێداویستی خۆراك. وەك ئۆكسجین وایە بۆی.”
هەندێك لە تونێلەكان بە چیمەنتۆ و ئاسن بەهێزكراون و بە كارەبا و سیستەمی پەیوەندی پێشكەوتوو و سیستەمی هەواگۆڕكێ و پاكوخاوێنی تەیاركراون. هەموو ئەم سیستەمانە لە ژێر زەویدا دروست دەكرێن. بەپێی گوتەی ڕائید ئیدۆ، قووڵی هەندێك لە تونێلەكان دەگاتە “40 مەتر یان زۆر زیاتر لە هەندێك شوێن، لە كاتێكدا لێكۆڵینەوەكان هێشتا بەردەوامن”.
18ی كانوونی یەكەمی ڕابردوو، سوپای ئیسرائیل دۆزینەوەی “گەورەترین تونێل”ی ناسراوی ڕاگەیاند، كە تۆڕێكی بەرفراوانی كە بەسەر چەند لقێكدا دابەشبووە، بە درێژایی 4 كیلۆمەتر درێژ دەبێتەوە و تەنیا 400 مەتر نزیكە لە پەڕینەوەكەی “ئەرێز” لە نێوانیاندا ئیسرائیل و باكووری كەرتی غەززە.
جۆن سپێنسەر، بەرپرسی توێژینەوە لە پەیمانگای شەڕی مۆدێرن لە ئەكادیمیای سەربازی ئیسرائیل، كە تایبەتە بەو شەڕانەی لە ناوەڕاستی شارەكاندا ڕوو دەدەن، نووسیویەتی: ئەوە ڕوون دەبێتەوە، كاتێك تۆڕی بەرفراوانی تونێلی ژێر زەمینیی كە لەلایەن حەماسەوە دروستكراوە ئاشكرای كرد، كە یەكێكە لە گەورەترین تۆڕەكان كە سوپای مۆدێرن ڕووبەڕووی بووەتەوە”.
ئەم دڕندەترین و ئاڵۆزترین شێوەی شەڕە بە پلەی یەكەم پەیوەستە بە یەك توخمەوە: سەرسووڕمان. ئەندامانی كۆماندۆ دەتوانن خۆیان بشارنەوە، بۆسە ئەنجام بدەن، یان بەشێك یان هەموو تونێلەكە بۆمب رێژ بكەن.

لەگەڵ شەڕەكانی سەر ڕووی زەوی و ژێر زەوی و ژمارەیەكی زۆری تەقەمەنی كە لەناو تونێلەكاندا چێنراون، دەتوانرێت بڵێین تونێلەكانی حەماس گەورەترین كێشە بۆ سوپای ئیسرائیل پێك دەهێنن و ئەوەی سەختی و ئاڵۆزییەكانیان زیاتر دەكات ئەوەیە بوونی ئەو ١٣٦ بارمتەیەی كە ماونەتەوە لەناویاندا. بۆیە وێرانكردن یان لافاو كردنی میترۆی غەززە بە ئاو چارەسەرێكی دروست نییە، بەو پێیەی مەترسییەكە دەبێتە هۆی زیادبوونی ژمارەی قوربانییەكان.



سەرچاوە: ئاژانسەكانی ئاڕ تی +