شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕ، دەڵێت” وەك چۆن گرنگی بە پاكژی جەستە دەدەین بە هەمان شێوە پێویستە گرنگی بە پاكژی دەروونیش بدەین.
د. خاڵس قادر، پزیشكی پسپۆڕی هەناوی و راهێنەرە ئەقڵییەكان، بە زاری كرمانجی راگەیاند” پاكژی دەروون بە هەمان شێوەی پاكژی جەستە گرنگە و دەبێ بایەخی پێبدرێت، وەك چۆن پێش خەوتن ددانەكانمان دەشۆین، یاخود پێش ئەوەی دەست بە خواردن بكەین دەستەكانمان دەشۆین و بە گشتی خۆمان پاك و خاوێن رادەگرین، پاكژی دەروونیش بە هەمان شێوە گرنگ و پێویستە، تەنانەت دەتوانین بڵێین گرنگتریشە، بەڵام زۆربەمان یان نایزانین چییە یاخود نایكەین و پشتگوێی دەخەین.
ئەم پزیشكە پسپۆڕە، چەند رێنماییەك دەخاتەڕوو دەڵێت” لێرەدا ئاماژە بە چەند خاڵێكی گرنگ دەدەین بۆ ئەوەی بتوانین دەروونمان پاكژ بكەیت، لەوانە:
-پیاسەی نێو پاڕك یان سروشت بكە و لەكاتی رۆشتن سێ هەنگاو هەناسە وەربگرە و چوار هەنگاو هەناسە بدەوە.
-هەناسەدانی بەئاگایی بۆ ماوەی چوار خولەك .
- تێڕامان ( مێدیتەیشن ) بۆ ماوەی 6 بۆ 10 خولەك.
-ئەنجامدانی كاروباری رۆژانە بەئاگایی تەواو و خۆ خەریك كردن پێیەوە، دوور لە فكر رۆشتن و بیركردنەوە لەشتی تر لەكاتی ئەنجامدانی كاری رۆژانە . - وەرزشكردن بۆ نیو كاتژمێر و زیاتر.
- بیركردنەوەی چالاك یاخود بیركردنەوەی سەر كاغەز، واتە ئەو بابەتەی بیری لێدەكەیتەوە بینوسەوە لەگەڵ هۆكار و رێگەچارەكان.