مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
نەهرۆ لە كاتی گەڕانەوەی لە كرێكاری، چەند كەسێك لە ئەندامانی گرووپی سەلەفییەكان هێرشی دەكەنە سەر و بە سەختی برینداری دەكەن.
نەهرۆ ڕۆستەم نەژاد ی تەمەن 20 ساڵان ی خەڵكی سەقزی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لە كاتی گەڕانەوەی لە كرێكاری لەلایەن چەند كەس لە ئەندامانی گرووپی سەلەفییەكانەوە لەو شارە هێرش كرایە سەری و بە چەكی سارد بە سەختی بریندار كرا. ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بڵاویكردەوە نەهرۆ خەڵكی گەڕەكی تازەئاوای سەقزە و لەلایەن چەند كەس لە ئەندامانی گرووپە سەلەفییەكانەوە بە شمشێر و چەقۆ هێرشی كراوەتە سەر و بە سەختی برینداركراوە.
بەگوتەی سەرچاوەیەكی نزیك لە نەهرۆ، چەند كاتژمێرێك دوای گەڕانەوەی نەهرۆ لە تاران، لەلایەن ژمارەیەكی نەناسراو پەیوەندیی پێوە كراوە و پێیان گوتووە وەرە بۆ پاركی شەقامی میقداد لە گەڕەكی حەماڵاوای سەقز كارمان پێتە، ئەویش دەچێت لەوێ چەند كەسێك بە شمشێر و چەقۆ هێرشی دەكەنە سەر و برینداری دەكەن.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئاشكرای دەكات لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو چەندین گەنج لە سەر دەستی سەلەفییەكان كوژراون و دەڵێت “گرووپە سەلەفییەكان لە كوردستان، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام و تێلێگرام بە ئاشكرایی و بە پشتبەستن بە خوێندنەوەی خۆیان لە ئیسلام، و لە ژێر ناوی “فتوا” هەڕەشەی كوشتن لە هاووڵاتییان دەكەن و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەند هاووڵاتی لە شارەكانی سەقز، سنە و مەریوان لەلایەن ئەندامانی ئەو گرووپانەوە كوژراون.”






























































