شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕ، دەڵێت” پەستانی خوێن و شەكرە، نەخۆشییە درێژخایەنەكانن و چارەسەریان نییە بەڵام دەبێ كۆنتڕۆڵ بكرێن، هەروەها ئەوانەی كە نەخۆشی دڵیان هەیە پێویستە زیاتر ئاگاداری خواردنەكانیان بن.
د. دیار دلشاد، پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی دڵ، بە زاری كرمانجی راگەیاند” بەشێك لەوانەی كە تووشی شەكرە دەبن منداڵن و بەشێكیشیان بەهۆی بۆماوەی تووشی دەبن، نەخۆشییە درێژخایەنەكانی وەك شەكرە و پەستانی خوێن، چارەسەر نابن بەڵام دەبێ كۆنتڕۆڵ بكرێن، ئەوانەی تووشبووی ئەم نەخۆشییانەن پێویستە زۆر ئاگادار بن، ئەگەر نەخۆشییەكە كۆنتڕۆڵ نەبوو ئەوا دەمارەكانیان زووتر دەگیرێتەوە، بۆیە دەبێ ئاگاداری تەندروستی خۆیان بن و پشكنین بكەن.
ئەم پزیشكە پسپۆڕە، لەباری زۆربوونی نەشتەرگەری دڵ بۆ گەنجان، گووتیشی” رۆژانە گەنجی تەمەن 25 ساڵی نەشتەرگەری دڵی بۆ دەكرێت، كەچی پێشتر زۆر كەم بوو، هۆكارەكەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە نەبوونی جولە، زۆر دانیشتن، وەرزش نەكردن و خواردنی خراپ زۆر بوونە، بە گشتی لە ژیانی رۆژانەماندا سێ جۆر خۆراك ئامادە دەكرێن، كە بریتین لە برژاندن، سوركردنەوە و كوڵاندن، بەپێی زانستی پزیشكی تەندروسترین خواردن بۆ نەخۆشییەكانی دڵ برژاندنە، پێویستە ئەو كەسانەی تووشی نەخۆشییەكانی دڵ دەبن زیاتر سەوزە و میوە بخۆن و دووربكەونەوە لە خواردنە زۆر چەورەكان.