زاری كرمانجی-مێرگەسۆر:
باران و لافاوی ڕۆژانی ڕابردوو بەگوژمەی زیاتر لە ملیارێك دینار زیانی بە مێرگەسۆر گەیاندووە. بەرپرسی فەرمانگەی چاككردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی مێرگەسۆریش، دەڵێت: زیان بە ڕێگەوبان و پرد و موڵكی هاووڵاتییان كەوتووە و ئێستا ڕێگای ئەو گوندانەی تێكچوونە چاك دەكەینەوە.
ئەندازیار ڕزگار دۆڵەمەری، بەرپرسی فەرمانگەی چاككردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی مێرگەسۆر، بۆ زاری كرمانجی گوتی: بەپێی ئەو ئامارەی كە وەرمان گرتووە باران و لافاوی ماوەكانی ڕابردوو لە سنووری قەزای مێرگەسۆر بەگوژمەی ملیارێك و 100 ملیۆن دینار زیانی بە ڕێگەوبان و پرد و موڵكی هاووڵاتییان گەیاندووە.
بەرپرسی فەرمانگەی چاككردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی مێرگەسۆر، دەشڵێ: دەرخستەمان بۆ هەموو زەرەروزیانەكان كردووە و داومانەتە سەرووی خۆمان، لە قایمقامیەتی مێرگەسۆر لیژنەیەك پێكهاتووە، لیژنەیەكیش لە ئیدارەی سۆران پێك دێت و داوامان كردووە سەردانی هەموو ئەو شوێنانە بكات كە زیانیان بەركەوتووە.
ئەندازیار ڕزگار دۆڵەمەری، بەرپرسی فەرمانگەی چاككردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی مێرگەسۆر، ئاشكراشی كرد: بەردەوام ڕێگەی گوند و ئاوایەكان چاك دەكەینەوە، تا ئێستە ڕێگەوبانی چەندین گوند چاككراونەتەوە، بەتایبەتی ئەو ڕێگانەی زۆر خراپ بوونە، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا گرفتی هاتووچۆ دروست نەبێت، چونكە بارانی ڕۆژانی ڕابردوو زیانێكی زۆر بە ڕێگەوبانەكان گەیاندووە.