شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕ، دەڵێت” ئەو خانمانەی دووگیانن بۆ پاراستنی تەندروستی خۆیان و كۆرپەیان دەبێ ئەم رێنماییانە جێبەجێ بكەن.
د. بنار دزەیی، پزیشكی پسپۆڕی ئافرەتان و لەدایكبوون، دەڵێت” مانگەكانی یەكەمی دووگیانی قورسترین قۆناغەكانن كە دایك پێدا تێدەپەڕێت، چونكە لەم قۆناغەدا ئافرەتی دووگیان تووشی چەندین نیشانەیەك دەبێت وەك هێڵنجدان، ئازاری سك، لەدەستدانی ئارەزووی خواردن و سەرگێژخواردن، بۆیە دەبێت هەندێك ڕێنمایی جێبەجێ بكات بۆ پاراستنی تەندروستی خۆی و كۆرپەكەی، كە بریتین لەمانەی خوارەوە:
-خواردنی خۆراكی تەندروست: خۆراكی باش لە ماوەی دووگیانیدا گرنگە، بۆیە دەبێ ئەو خۆراكە تەندروستانە هەڵبژێردرێت كە بەهای خۆراكی بەرزیان هەیە وەك سەوزەوات و میوە و چەرەزات، هەروەها دوور بكەونەوە لە خۆراكە ناتەندروستەكان.
-خواردنەوەی ئاو بە بەردەوامی
-خواردنی ڤیتامیناتی دوگیانی بە رێكی و بەردەوامی
-دووركەوتنەوە لە خۆراكی نەكوڵاو
-خەو و پشوودان: ئافرەتی دووگیان شەوانە بەلایەنی كەمەوە پێویستی بە 8 كاتژمێر خەو هەیە
-دووركەوتنەوە لە جگەرە كێشان و نێرگەلە
-نابێ بەبێ ئاگاداری پزیشك هیچ جۆرە دەرمانێك بەكار بهێنێت، چونكە هەندێك دەرمان مەترسییان لەسەر كۆرپە هەیە.
ئەم پزیشكە دەشڵێت” گرنگترینیان پیادەڕەوییە لەكاتی دووگیانیدا، چونكە دەبێتە هۆی چالاككردنی سووڕی خوێن و بەهێزكردنی جەستە.